نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ عێراق دووپات ده‌كه‌نه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- هه‌ر له میانه‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی كۆبوونه‌وه و دیداره‌كانیدا له په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له ئه‌ڵمانیا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16/2/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئینه ئیریكسن سۆرایدى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ و شاندێكی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سۆرایدی كه پێشتر وه‌زیری به‌رگری بووه و ئێستا پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژی وه‌رگرتووه، تیشكى خسته‌ر سه‌ر ڕه‌وشی عێراق و كاری لیژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان، خۆشحاڵیی خۆیشی به بڕیاری هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ربڕی و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه و هاوكاریی مرۆیی بۆ په‌نابه‌ران، دووپات كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزباییی وه‌رگرتنی پۆسته نوێكه‌ی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ له سۆرایدی كرد، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ناوچه‌كه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كاری لیژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق، دابینكردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غدوه و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌ش كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له كوێت كرا و هه‌ردوولا به گرینگ‌یان زانی هه‌وڵی زیاتر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شوێنه زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ بدرێن.
له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانى سوودمه‌ندبوونی هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشى له به‌رنامه و پڕۆژه‌كانی كۆنفرانسه‌كه به پێویست زانی كه به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆر و پێشوازى له ژما‌ره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانان، بارقورسییه‌كی زۆری كه‌وتۆته سه‌رشان.
تاووتوكردنی قۆناغی دوای داعش و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و ئارامی بۆ ئه‌وان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




