چاودێرێکی سیاسی: بانگھێشتکردنی ھەرێم بۆ میونشن، گرینگیدانە بە پێگەكهی لە ناوچەکەدا

ههولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسیەکان لەزانکۆی سەڵاحەدین دەڵێ، پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان زۆر بەھێزە و کاریگەری ھەیە لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە و جیھانیش، بۆیە بانگھێشتکراوە بۆ کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان باسی کێشەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا بکات و بۆیان ڕوون بکاتەوە سەقامگیری عێراق پەیوەستە بەجێبەجێ کردنی داواکاری کورد.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەمڕۆ دەستی پێكرد و تا١٨ی ئەم مانگەش بەردەوام بێت و، ھەرێمی کوردستانیش بانگھێشتی ئەو کۆنفرانسە کراوه، د. ساڵح مەلا عومەر عیسا، پێوهست به بهشداری شاندی ههرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بانگھێشتکردنی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆنگرەی ئاسایشی میونشن گرنگیەکی یهکجار زۆری بۆ ئەم دۆخە ھەیە، چونکە واھەست دەکرا لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرهوه کە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کرا، ھەرێمی كوردستان گرنگی خۆی لەدەست داوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لێرەدا دیاره كه نەک گرنگی لەدەست نەداوە، بەڵکو کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە و جیھانیش."
د. ساڵح گوتیشی، "جگە لەوەش ئەمە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی بەرپرسانی ھەرێم لەو کۆنفرانسەدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیھان باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ھەرێم و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش بکەن و پاڵپشتیەکی گرنگی دەبێت بۆ ھەرێم کە بتوانێ بەرگری لەمافی ھاووڵاتیانی ھەرێم بکات بەرامبەر بە بەغدا بۆ ئەوەی مافی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە عێراق بەدەست بێنێت."
ئهو مامۆستایەی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەڵاحەدین دهشڵێ، "دانیشتنی میونش دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ ئەوەی شاندی ھەرێم بتوانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان قسە بکەن و بۆیان ڕوون بکەنەوە جێبەجێ نەکردنی مافەکانی کورد دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری عێراق لەناوچەکە و ھەر جۆرەناسەقامگیرەیەکیش دروست بێت کاریگەری لەسەر ھەمووجیھان دەبێت، بۆیە سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە دانی مافی گەلی کورد."
عیسا ئەوەشی خستەڕوو، بانگھێشتکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆنفرانسە گرنگی دانە بەپێگەی ھەرێمی کوردستان لەناوچەکە، بۆیە ئەمەش وا دەکات حکوومەتی عێراق لەکۆتایی ناچار بێت مافی ھەرێم بدات، بەڵام ئێستا بەھۆی ھەڵبژاردنەکان دوایدەخات، ھەر بۆیە باشترە ئێستا بێت مافی ھەرێم بدات بۆ ئەوەی سەقامگیری لەعێراق دروست بێت، چونکە ھەرێم وەکو ناوچەیەکی نێودەوڵەتی کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری لەناوچەکەدروست بێت."
بڵند ئیبراھیم




