٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایانی سیاسی، کۆنگرەی میونشن بۆ کورد به‌ گرینگ ناو ده‌به‌ن

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  کۆنگرەی میونشن لە شاری میونشنی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت و  شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، بەشداریی کورد لە کۆنگرەکە بۆ قۆناغی ئێستای ناوچەکە گرینگە. پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێ، ناوچەکە لە ئاگرداندایە و پێویستە کورد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار بکاتەوە لە مەترسییەکان.

دکتۆر شێرزاد زەکەریا، پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''بەشداریی کورد لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ئێستا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پاشگەز بووه‌تەوە لە بەڵێنەکانی بۆ گەیشتن بە رێکكەوتن، تا بەغدا چەند ھەنگاوێک بۆ پێش دێت چەندین ھەنگاو دەچێتە دواوە، ئەمە گرینگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار بکرێتەوە لەو غروورەی بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان. لە عێراق دەستوور پێشێل کراوە و مافی ھەرێمی کوردستان نادرێت، بۆ گەیاندنی رەوشی کورد لە ناوچەکە بە گشتی، گرینگە ئەو پەیامە بگەیەندرێت.''

لای خۆشیەوە دکتۆر محەممەد شاکر، مامۆستای زانکۆ ده‌ڵێ، بانگھێشتکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان نیشانەی گرینگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە ھەرێمی کوردستان و ئەو بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ھەرێمی کوردستان بەھەموو شێوەیەک دەستپێشخەرە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەوەی ئامادەی دانوستانە ئەوە حکوومەتی عێراقە و گوێ بە گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش نادات، لەبەر ئەوە بەشداریی ھەردوو سەرکردەی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دیدار بە دوای خۆیدا دێنێت و ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغی دیکەی دیپلۆماسی و  پەیوەندیی نێودەوڵەتی.''

کۆنگرەی ساڵانەی میونخ  کە ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت، ٦٠٠ کەسایەتیی سیاسیی جیھان تێیدا بەشدار دەبن و لە ھەرێمی کوردستانیش ھەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەشدارن.

دکتۆر شێرزاد زەکەریا  باوه‌ڕی وایه‌ "ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەنێو ئاگردانە و کێشەی عەفرین و تورکیا زیاتر رەوشەکەی ئالۆز کردووە، وڵاتانی ناوچەکە دژی کورد یەکدەنگن، ئەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا کوردیش لە رێگەی وڵاتانی زلھێز پاڵپشتی پەیدا بکات بۆ خۆی، چونکە ئەوەی روو دەدات گۆڕانکاریی گەورەن لە ناوچەکە، زۆر جاریش لەو دیدارانەی لە کۆنگرەی وەک میونخ بەڕێوە دەچن بۆچوونی وڵاتانی دەگۆڕێت لەھەمبەر ھەندێ پرسی چارەنووسساز.''

لە ساڵی ١٩٦٣ یەکەم کۆنگرەی میونخ بەڕێوە چوو تا ئێستا ٥٤ کۆنگرە ئەنجام دراون، کۆنگرەکە زیاتر راوێژکردنە لەسەر پرسە ئەمنییەکان و ساڵانە گەورە بەرپرسانی جیھان بەشداری تێدا دەکەن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار