پەرلەمانی کوردستان: فراکسیۆنی یەکێتی ناوی سالار مەحموودی بۆ شاندی عەفرین دیاری نەکردووە
__2018_02_12_h16m31s18__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی ڕێگەنەدانی پەرلەمانتار سالار مەحموود بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی پەرلەمان بچێتە عەفرین، دەڵێ، سەرۆکی فراکسیۆنەکان پەرلەمانتارانیان بۆ شاندەکە دیاری کردووە و فراکسیۆنی یەکێتیی ناوی سالار مەحموودی بۆ شاندەکە دەستنیشان نەکردووە.
دەقی ڕوونكردنەوەی دیوانی پەرلەمانی كوردستان
سەبارەتى بە ڕێگەپێنەدانی پەرلەمانتار، سالار مەحموود، بە ڕۆیشتنی لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، ئاماژە بە بڕیاری سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (٤٧١/٣/٤) لە ڕۆژی (٢٠١٨/٢/٨) لیژنەیەكی پەرلەمانی لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، ئازادی)، بە ناوی پەرلەمانی كوردستانەوە هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ كرا تا بەفەرمی سەردانی خۆرئاوای كوردستان و ناوچەی عەفرین بكەن، هەربۆیەش ناوی ئەندامانی لیژنە لە لایەن سەرۆكی فراكسیۆنەكان دیاری كراوە و بۆ ئەم مەبەستەش دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتى ناوی پەرلەمانتار عەباس فەتاحى وەك نوێنەری ئەو فراكسیۆنە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، لە هەمان كاتیشدا دیوانی پەرلەمان ڕێكاری یاساییی خۆی گرتووەتەبەر بۆ كارئاسانی و ڕۆیشتنی وەفدەكە بەبێ بەربەست، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە سالار مەحموود، بەبێ ئەوەی داواكاریی پێشوەختی هەبووبێ بۆ بەشداریكردن لە وەفدەكە، لە ڕۆژی ڕۆیشتنی وەفدەكە بەبێ ئەوەى ئەندامی وەفد بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەوڵی خۆیان داوە بۆ كارئاسانی، بەڵام بە هۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور ڕێكاری یاساییی خۆی هەیە و ڕۆژی ڕۆیشتنی وەفدەكەش ڕۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بكرێت بۆ وەفدەكەی پەرلەمان.
بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەوەی ڕووی داوە تەنیا ئەنجامنەدانی ئەو ڕێكارانە بووە كە دەبوایە سالار مەحموود پێوەی پابەند بێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
١ - دیاریكردنی نوێنەری فراكسیۆنەكان بۆ وەفدی فەرمی تەنیا فراكسیۆن لێی بەرپرسیارە نەك سەرۆكایەتیى پەرلەمان و دیوانی پەرلەمان.
٢ – بۆ ڕۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە وەفدی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی هەیە.
٣ – بۆ تێپەڕاندنی سنووری هەرێمی كوردستان پێویستە ڕەزامەندیی فەرمی و یاسایی هەبێت.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ وەفدی فەرمیی پەرلەمانی كوردستان دەخوازین كە بە مەبەستی گەیاندنی پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوچەی عەفرینیان كردووە و داواكاریشین زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگەی شەڕ و ئاشوب بگرێتەوە و بە زووترین كات شەڕ كۆتایی پێ بێت.
دیوانی پەرلەمانی كوردستان
٢٠١٨/٢/١٢
v




