بەرپرسی سنووری پێشابوور: پەرلەمان ناوی سالار مەحموودی بۆ ئێمە ڕەوانە نەکردبوو
_(2)__2018_02_11_h18m35s25__HK.jpg)
پێشابوور-KDP.info- شەوکەت بەربهاری، بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە لێدوانی سالار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی نەچوونی بۆ عەفرین بە ڕێگەی سنووری پێشابووردا، ڕوونکردنەوەیەکی ڕاگەیاند و تێیدا دەڵێ، پەرلەمان ناوی ئەو پەرلەمانتارەی بۆ ئێمە نەناردووە، کە سەردانی عەرفرین بکات.
دەقی روونکردنەوەکە:
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۲٠۱۸/۲/۸ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ناوی پێنج ئەندام پەرلەمانمان پێ گەیشت لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، شیوعی کە بڕیار درابوو، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی۲٠۱۸/۲/۱٠، سەردانی شاری عەفرین بکەن، بەڵام ناوی بەڕێز سالار مەحموودی تێدا نەبوو. لە کاتی هاتنیاندا خۆم لە پێشوازیکردنیاندا بووم و هەموو ئامادەکارییەک بۆ پەڕینەوە و سەفەری ئەم بەڕێزانە کرابوو. لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا بەڕێزیان کۆمەڵێک بابەتی لە میدیاکاندا ورووژاندووە، کە دوورن لە ڕاستی، بۆیە ناچار بووین به كورتى هەندێک خاڵ بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:
١- کاک سالار باسی ئەوە دەکات کە پێمان گوتووە بەڕێز حەمید دەربەندی گوتوویەتی ڕێگەی پێ نەدەین، بەڵام بە هیچ شێوەێک شتی وا نەگوتراوە و ناوبراو ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی کوردستانە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری سەفەری کاک سالار نەبووە.
۲- کاک سالار دەڵێت، "ڕێگرییەکی گەورە هەیە لە دەروازەی پێشابوور بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژاوای کوردستان". لێرەدا دەبێ بە بەڕێزیان بڵێین: ئەگەر وایە ئەی بۆ پێنج ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکەی تر بە حورمەتێکی زۆرەوە بەڕێ کران.
٣- لەم خاڵە سنورییەوە ڕۆژانە بە سەدان کەس هاتوچوو دەکەن. نزیکەی ٤٠ ڕێکخراوی خێرخوازیی بیانی مانگانە بە هەزاران تۆن خۆراک و دەرمان لەم خاڵە سنورییەوە دەگەیەننە ڕۆژاوای کوردستان.
٤- تەنیا لەم سێ حەفتەیەی دواییدا بە دەیان ڕۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ڕووماڵکردنی هێڕشی سەر عەفرین لەم خاڵە سنوورییەوە پەڕیونەتەوە.
٥- ڕۆژانە بە دەیان بارهەڵگر کاڵای بازرگانانی ڕۆژاوای کوردستان دەگوازنەوە ئەوبەری سنوور.
٦- ڕۆژانە دەیان نەخۆش بۆ چارەسەری پزیشکی لە سنوور دەپەڕنەوە. هاتوچووی هەموو کوردانی ڕۆژاوا لە هەندەران و ئەوانەی کاری کۆنسووڵخانەکانیان هەیە تەنیا لەم خاڵە سنورییەوەیە.
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا كاك سالار دەڵێت، "یەکێک لە پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی حەفتەی ڕابردوویان کردنەوەی خاڵی سنووریی پێشابوور بووە بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا". لێرەدا پێویستە بە بیر جەنابیان بێنیننەوە کە ئەم خاڵە سنوورییە لە ۲٠۱۳/۱/۱٦ بە فەرمانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعوود بارزانی، بە ڕووی هاووڵاتییانی ڕۆژاوای کوردستاندا کراوەتەوە و ئەم سنوورە لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە ڕووی هاتوچووی نەخۆش و بریندار و كاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و هی تر، تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش داخراو نەبووە. نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسووڵخانەکانی وڵاتانی بیانی لە کوردستان شایەدی ئەم ڕاستییەن.
بۆیە بەڕێز سالار مەحموود نەدەبوایە لەسەر گرفتێکی ئیداری و کەسی هەموو ئەم شتانە بستڕێتەوە و دنیایەک بوختان و شتی هەڵبەستراو لە پێناو ورووژاندنی هەستی خەڵک بێنێتە سەر زمان و ململانێی حزبی و شەڕی ڕاگەیاندن تێکەڵی بابەتی سنوور بکات.
شەوکەت بەربهاری
بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور




