کورد ڕێگەی نەدا بودجە بخوێندرێتەوە
__2018_02_11_h17m41s20__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆش بە ھۆی جێبەجێنەکردنی داواکاریی ئێمە ڕێگەمان نەدا پڕۆژەیاسای بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دەمانەوێت تا دوای کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەو شێوەیە بمینێت و چاوەڕێی ئەنجامی کۆنگرە بین.
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بکرێت، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کورد داواکارییەکانی جێبەجێ نەکراوە، کە گرنگترینیان پێدانی ١٧%ی پشکی ھەرێم و گۆرینی ناوی پارێزگاکانی ھەرێم بۆ حکوومەتی ھەرێمە، بایکۆتی کۆبوونەوەیان کرد، بۆیە پەرلەمان نەیتوانی خوێندنەوەی بۆ بکات.
ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، سەرحان سلێڤانەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمان بەنیاز بوو ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات، بەڵام ڕێگەمان نەدا و بایکۆتی کۆبوونەوەمان کرد، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش پڕۆژەیاسای بودجەی لە کارنامەی کۆبوونەوە دەرھێنا و نەیتوانی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات."
سەرحان سلێڤانەیی گوتی: "دواتر بڕیار بوو کۆبوونەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای ڕاستکردنەوەی بروانامەی ئامادەیی بکرێت، بەڵام بە ھۆی ئەوەی تەنھا ١٣٠ ئەندام ئامادە بوون و نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخرا."
سلێڤانەیی ڕوونیشی کردەوە: "داواکاریی ئێمە جێبەجێ نەکراوە و ئێمەش نامانەوێت پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، تاوەکو کۆنگرەی کوێت کۆتایی دێت و ئەنجامەکانی دیار دەبێت، چونکە ڕەنگە بە ھۆی پەسەندنەکردنی بودجە و جێبەجێنەکردنی داواکاریی کورد، عێراق ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بێتەوە."
سبەی کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە بەشداریی٧٠ وڵات دەست پێ دەکات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و کوردیش بە شاندێک بەشداریی لەو کۆنگرەیەدا کردووە.
بڵند ئیبراهیم




