شاخەوان عەبدوڵڵا: کەسی وا هەیە دەستی لە تەقاندنەوە و تاڵانکردنی ماڵە کوردەکاندا هەیە

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئێمە تانەمان لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دووزخورماتوو داوە، چونکە پەرلەمانتار لەو لیژنەیەدا ھەیە، کە خۆی دەستی لە تەقاندنەوە و تاڵانکردنی ماڵە کوردەکاندا ھەیە، بۆیە ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین و پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و نوێنەری کوردەکانیش کەسانی دڵسۆز بن، نەک خۆفرۆش.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە قەزای دووزخورماتوو بە ھۆی ھاتنی حەشدی شەعبییەوە تەواوی کوردەکانی ئەو شارە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و حەشدی شەعبیش لەوکاتەوە دەستی کرد بە تەقاندنەوە و تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵە کوردەکان و جگە لەوەش، بە دەیان کوردیان شەھید کرد، بۆیە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە پێک بێنێت، بەڵام تا ئێستا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە و دەستبەکار نەبووە.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دووزخورماتوو لە پەرلەمانی عێراق پێکھاتووە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکرێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی دەستبەکار بێت و بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە نیسابی یاسایی تەواو دەکەن و بۆ ئەو لیژنەیە باس لەوە دەکەن، تەواو نابێت، چونکە بودجە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و ئەو لیژنەیە لە بەرژوەندیی ئەواندا نییە."
لەبارەی ئەندمانی لیژنەکەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "لیژنەکە لە ١٢ ئەندام پێکھاتووە و من ڕەخنەم لە لیژنەکە ھەیە، چونکە ئەندام پەرلەمانی تێدایە تورکمانە و دەستی لە تەقاندنەوە و تاڵانکردنی ماڵی کوردەکان و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە کورد ھەیە، بۆیە تانەم لەو لیژنەیە داوە و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان قسەم کردووە، ئەوە چارە بکات و جگە لەوەش، ھەر لەسەرەتاوە پێویست نەبوو ئەو لیژنە دروست بکرێت و پێویست بوو سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی، کە کوردە و کۆمەڵێک پەرلەمانتار خۆیان سەردانی دووزخورماتوو بکەن و خۆیان دۆخەکە ببینن و داواکاریی خۆیان بنووسن و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ھەوڵ دەدەین بە ئارەزووی خۆیان نوێنەری کوردیش لە لیژنەکە دانەنرێت و پێویستە کوردە دڵسۆزەکان بن، نەک خۆفرۆشەکان."
سەبارەت بە سزادانی سێ پەرلەمانتاری کورد بە ھۆی ئەوەی ناڕەزایەتییان لە کۆبوونەوەی ڕابردوو لەبارەی بودجە دەربڕیوە، عەبدوڵڵا گوتی: "بۆ من شەرەفێکی گەورەیە لەسەر مافی کورد سزا بدرێم و ھیوادارم سزاکە جێبەجێ بکەن و ڕۆژی یەکشەممەی داھاتووش ڕێگە نادەم دانیشتن ئەنجام بدرێت، گەر باسی بودجە بکرێت بەبێ ئەوەی داواکاریی کورد جێبەجێ بکرێت."
لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا فراکسیۆنە کوردییەکان ڕێگەیان نەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکەن و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەو ھۆیەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو دواخرا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەکو سزایەک هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا و سیروان سیرینی و مەسعوود حەیدەری لە ئەندامێتیی پەرلەمانی بۆ ماوەی ١٥رۆژ ھەڵپەسارد و بڕیاریشی دا، مووچەیان لەو ١٥ ڕۆژەدا ببڕدرێت."
بڵند ئیبراھیم




