"سبەینێ مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبنەوە"
__2018_02_07_h19m17s3__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ھەر لە سەرەتاوە پێشنیازی کردبوو بە یەک لیست بەشداری بکەن، بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە کراوە و بڕیارە سبەینێش لە ڕووی تەکنیکییەوە مەکتەبی ھەڵبژاردنی لایەنەکان جارێکی دیکە کۆ ببنەوە.
بڕیارە لە ١٢/٥ی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ھەر لە سەرتاوە داوای کرد کورد بە یەک لیست لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن و دواتریش ڕێک نەکەوتن، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لایەنەکان بۆ ئەومەبەستە کۆ بوونەوە و پێشنیاری ئەوە کراوە کورد بە یەک لیست بەشداری بکات.
لەو بارەیەوە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا باس لەوە کرا، ئەگەر بکرێت ھەموو کورد بە یەک ھاوپەیمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەن، پێشووتریش ئەمە داواکاری پارتی بووە، ئێمە دەمانویست یان بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بە یەک لیست، یان بەشدار نەبین، چونکە گەر بەو شێوەیە نەبێت بەھێز نابین، بۆیە گەر یەک لیست بێت بەھێز دەبین و دەنگەکانیشمان بەفیڕۆ ناچێت."
خەسرۆ گۆران گوتیشی: "بڕیارە سبەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی لایەنەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی لە ڕووی تەکنیکییەوە دیراسەی ئەو پرسە بکەن."
لەبارەی ئەوەی پارتی پێشتر باسی لەوە کردبوو بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان ناکات لە کەرکووک، گۆران باسی لەوە کرد، جارێ دیار نییە لە کوێ بەشدار دەبین و لە کوێ بەشدار نابین، بەڵام لە سەرتاوە لەگەڵ ئەوە بووین گەر بەشدار بین پێکەوە بێت و گەر بەشداریش نەبین پێکەوە بین، ئینجا لە کەرکووک بێت، یان ھەر ناوچەیەکی دیکە، بۆیە جارێ ناتوانین ھیچ بڕیارێک بدەین تا نەزانین ھاوپەیمانییەکە چۆن دەبێ."
بڵند ئیبراھیم




