٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

19 ماددەی دیکە لە پڕۆژەیاسای پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان پەسەند کرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان ١٩ ماددەی دیکەی لە پڕۆژەیاسای پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد، هەروەها خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دوو پڕۆژەیاسای دیکە کرد.

سەعات ١١ى پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٨/٢/٦، پەرلەمانى كوردستان بە سەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٧)ى ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمى هەڵبژاردنى ئەنجام دا.

سەرەتا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەى كارى دانیشتنەكەى خوێندەوە، كە لە چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لە لایەن لیژنەی كاتى بۆ پێداچوونەوەى پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە كراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە (٢٦)ى ساڵی ٢٠١٤ و بڕگەی (٨) لە ماددەى (پەنجاو شەشەم)ى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو و پاڵپشت بە ماددەى (٩٤)ى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەى یەكەم بۆ ئەو دوو پڕۆژەیاسایە: (پڕۆژەیاسای دەستەبەركردنی نوێنەرانی ئافرەتان لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و پڕۆژەیاسای ڕێكخستن و یەكخستنی عەلوەكان)، بە پێی مادەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە زیادكردنی ئەندامى پەرلەمان، پەرى ساڵح حەمید، بۆ سەر لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە پێی مادەی (٤٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، خاڵی چوارەم و كۆتاییی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاسای زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی دەوڵەت، بە پێی ماددەكانى (٧٢،٧٤،٧٥)، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو.

پاشان لە لایەن خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، پوختەى كۆنووسی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان خوێندرایەوە، هەروەها ناوى ئەو ئەندامانەى پەرلەمانیش خوێندرایەوە كە لە دانیشتنی پێشوودا مۆڵەت بوون، یان ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و ناوى ئەو ئەندامانەیشی كە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ مۆڵەتیان وەرگرتبوو، خوێندرایەوە.

پاشان بە پێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كارى دانیشتنەكە، داوا لە لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كرا بێنە شوێنی تایبەت بۆ خوێندنەوەى ئەو ماددە و بڕگانەی كە ئامادەیان كردبوو بۆ ئەوەی بخرێنە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسندكردنیان، كە بریتی بوو لە بەشی پێنجەمی پڕۆژەى پەیڕەوەكە، كە تایبەت بوو بە لیژنە هەمیشەییەكان و لیژنە كاتییەكانی پەرلەمان، كە لە بیست ماددە پێكهاتبوو، لە ماددەی ٢٨ى پەیڕەوەكەوە دەستی پێ دەكرد، كە تێیدا ئاماژە بە چۆنیەتیی هەڵبژاردن و پێكهاتە و ماوەی پێكهێنان و دیاریكردنی ژمارەى ئەندامان لە لیژنەكاندا كراوە، سەبارەت بە بڕگەی یەكەمی ماددەكە، كە باس لە ماوەی هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەكان دەكات لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا، لە لایەن ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمانەوە پێشنیاز كرا ئەو ٢٥ ڕۆژە لابدرێت و ماوەكە كراوە بێت، بەڵام پێشنیازەكە دەنگی پێویستی نەهێنا و بڕگەكە وەك خۆی مایەوە، هەروەها پێشنیاز كرا، كە لیژنەكان بۆیان هەبێت، سكرتێرێك، یان زیاتریان هەبێت بۆ لیژنەكە، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

پاشان كۆی ماددەكە كە لە پێنج بڕگە پێكهاتبوو خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

ماددەی ٢٩ كە تایبەت بوو بە ژمارەی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، دوای پێشنیازى ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمان بۆ لێكدانی چەند لیژنەیەك بەیەكەوە و مانەوەى هەندێ لیژنەش وەكو خۆیان و یەكلاكردنەوەیان بە دەنگدان ژمارەی لیژنەكانی پەرلەمان لە ٢٢ لیژنەوە كرا بە ١٥ لیژنە.

ماددەكانی ٣٠ و ٣١ى پەیڕەوەكەش كە تایبەت بوون بە كارى لیژنەكان و كۆبوونەوەكانی و وەرگرتنى بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانى لیژنەكە و دانیشتنەكانى و تۆماركردنیان لە كۆنووس و خستنە بەردەمى هەر بابەتێك لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانى كوردستانەوە بۆ بەردەم لیژنە هەمیشەییەكان، دواى خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا پەسند كران.

سەبارەت بە ماددەی ٣٢ى پەیڕەوەكەش، كە تایبەت بوو بە ئامادەبوونی ئەندامانى پەرلەمان و ڕاوێژكارانی پەرلەمان بە پێی پسپۆڕییان لە كۆبوونەوەى لیژنەكان، لە لایەن ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمانەوە پێشنیاز كرا بڕگەی دووەمى ماددەكە لابدرێت، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا، دواتر كۆی ماددەكە خرایە دەنگدانەوە و بە كۆی دەنگ پەسند كرا.

ماددەكانی (٣٧،٣٦،٣٥،٣٤،٣٣)ى پەیڕەوەكەش، كە تایبەت بوون بە جێبەجێبوونی ئەو حوكمانەی كە لەو پەیڕەوەدا هاتوون بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، بەسەر ئامادەبوون لە دانیشتنی لیژنەكان و جێگرتنەوەی شوێنی ئەندامێكى لیژنەكان لە كاتی بەتاڵبوونی شوێنەكەى بە پێی پەیڕەو و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە كارى لیژنەكان لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دوای خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا بە كۆی دەنگ پەسند كران.

ماددەی ٣٨ى پەیڕەوەكەش لەسەر پێشنیازی لیژنەی كاتیی پێداچوونەوە و پێشنیازی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ لادرا.

هەروەها پێشنیاز كرا ماددەی ٣٩ی پەیڕەوەكەش لابدرێت، بەڵام پێشنیازەكە دەنگی پێویستی نەهێنا و ماددەكە وەك خۆی پەسند كرا.

ماددەكانی (٤٣،٤٢،٤١،٤٠)ى پەیڕەوەكەش كە تایبەت بوون بە شێوازی ڕاوێژكردنی لیژنەكان بە شارەزایان و پێسپۆڕانى پەیوەست بە كارى لیژنەكان و داواى دانیشتنی گوێگرتن لەسەر هەر بابەتێك كە پەیوەست بێت بە كارى لیژنەكەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، كەرتى حكوومى و تایبەت و هەروەها بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و سەردانی مەیدانیی لیژنەكان و داواكاریی لیژنەكان بۆ ئامادەبوونى وەزیرى پەیوەندیدار و لایەنی پەیوەندیدار بە لیژنەكان و بەشدارییان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، هەرچوار ماددەكە بە جیا وەك خۆیان خرانە دەنگدانەوە و پەسند كران.

سەبارەت بە ماددەی ٤٤یش پێشنیاز كرا، كە بڕگەی چوارەمی ماددەكە بەو شێوەیە دابڕێژرێتەوە (لەكاتی كاركردنی لیژنە نابێت نهێنیی كارى لیژنەكە بدركێندرێت)، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ ڕەت كرایەوە و بڕگەكە وەك خۆی مایەوە، بەمشێوەیە (لەكاتی كاركردنی لیژنە هەر ئەندامێك نهێنیی كارى لیژنەكە بدركێنێت، ئەندامیەتیی لیژنەكە لەدەست دەدات)، پاشان كۆی ماددەكە خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

ماددەكانی (٤٧،٤٦،٤٥)ى پەیڕەوەكەش، كە تایبەت بوون بە پەیوەندیی نێوان لیژنەكان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و كارى بەدواداچوون و پشكنین و گەڕان بە دوای ڕاستییەكان و ئاراستەكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەكان لە لایەن لیژنەكانەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، دوای خستنە دەنگدانیانەوە وەكو خۆی بەجیا پەسند كران.

بەمجۆرە، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كۆتایی بە بەشی یەكەمی دانیشتنەكە هێنا و دوای پشوویەكی كورت دانیشتنەكە دەستی پێ كردەوە و بە پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كارى دانیشتنەكە لە لایەن لیژنەی كاروباری یاساییەوە خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكانی (دەستەبەركردنی نوێنەرانی ئافرەتان لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، یاسای ڕێكخستن و یەكخستنی عەلوەكان) كران و لە لایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان كران و داواش كرا كە هەردوو پڕۆژەیاساكە سیفەتی ئیستعجالیان پێ بدرێت.

بە پێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كاریش، بە كۆی دەنگ پەرلەمانتار، پەری ساڵح حەمید، بۆ سەر لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زیاد كرا.

سەبارەت بە خاڵی چوارەم و كۆتاییی بەرنامەی كاریش، كە بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاسای زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی دەوڵەت، لەسەر داوای وەزراەتی شارەوانی بە مەبەستی ڕەخساندنی كاتی زیاتر بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاساكە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاتری دواخرا بۆ دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو و دانیشتنەكە كۆتایی پێ هات.

هەواڵی پەیوەندیدار