٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەتی عێراق دەیەوێ عەرەبەکانی قەزایەک لە نێو کەرکووک نیشتەجێ بکات"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان گوتی، پرۆسەی تەعریب بەردەوامە و ئێستا پیلانێکیان داناوە، کە خەڵکی قەزایەک بگوازنەوە بۆ کەرکووک و لەوێ نیشتەجێیان بکەن، کە ئەمەش پیلانێکی مەترسیدارە و جگە لەوەش، دۆخی ئەمنی زۆر خراپە و ئەمڕۆش ماموستایەکی زانکۆ تیرۆر کراوە.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حکوومەتی عێراق بە پیلانێکی دارێژراو پرۆسەی تەعریبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانی دەست پێ کردووە و تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر عەرەب ھاوردە کراون.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، عەدنان کەرکووکی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ئەمنیی کەرکووک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و ئەمڕۆش ماموستایەکی زانکۆی کەرکووک، کە بڕیاردەری بەشی زانستە سیاسییەکان بووە و تورکمانە، بە ناوی عەلی ئەڵماس تەقەی لێ کراوە و کوژراوە، کە کاندیدیش بووە لە لیستی تورکمان و جگە لەوەش تەعریبکردن و دزیکردن و گواستنەوەی تۆماری مەدەنی بەردەوامە، بۆیە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری عەرەب ھاوردە کراون.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان گوتی: "ئێستا پیلانێکی مەترسیداریشیان داناوە، کە ئەویش ڕێگە نادەن سوننەکانی جرف سەقر بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنی خۆیان، کە قەزایە و شارێکی گەورەیە و نزیکە لە کەربەلا و بەنیازن ھەر ھەمووان بە مەبەستی پرۆسەی تەعریب بێنە کەرکووک و نیشتەجێیان بکەن و لە کەرکووک ھەندێک پۆست و پلەشیان پێ بدەن، کە ژمارەیان زۆرە، بۆیە پێویستە ڕێگرییان لێ بکرێت."

عەدنان کەرکووکی گوتیشی: "ئێستا فێڵێکی دیکەش لە کورد دەکەن، ئەویش کاتێک بەرپرسانی کورد لە فەرمانگە حکوومییەکان لادەبەن و دواتریش پەرلەمانتاران لای وەزیر سکاڵا دەکەن و ئەویش بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی گواستنەوەکە دەدات، بەڵام دواتر بە بەرپرسانی کەرکووک دەگوترێت جێبەجێی نەکەن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان ھەیە، ئەمەش ئێستا بەرامبەر بە کورد دەکەن، بۆیە تا ئێستاش بە بەردەوامی بەرپرسانی کورد لادەدرێن."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار