وەڵامی حکوومەتی هەرێم بۆ چەند ڕاپۆرتێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی

هەولێر-KDP.info- د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكوومەتی هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە ڕاپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و چەند ڕاپۆرتێکی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، کە بەم دواییە بڵاو کراوەنەتەوە، لەوانە ڕاپۆرتی یۆنامی بۆ پێکهێنانی لیژنەی بەداواچوونی ڕاستییەکان لە خورماتوو، ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ دەربارەی بێسەروشوێنبوونی (٣٥٠) بەندکراوی داعش دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕاپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی ساز کرد و وەڵامی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دایەوە.
سەرەتا دەربارەی ڕاپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، زێباری ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ تێبینی و ڕەخنەکانی دەستەی ناوبراو ئەنجام داوە لە ڕێگای زانیارییەکانی تۆڕی هەماهەنگییان لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بە گوێرەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراون. سەبارەت بە بواری خوێندنی باڵا گوتی: هەردوو ماددەی (١٩) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای زانکۆ تایبەتەکان و ماددەی (١٤) لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێگا بە سیستەمی خواستن (استعارة) دەدات، مامۆستایانی زانکۆ حکوومییەکان بە پێی یاسا بۆیان هەیە لە زانکۆ ئەهلییەکان وانە بڵێنەوە و شایستە داراییەکان دەکەوێتە سەر ئەستۆی زانکۆی ئەهلی. لە هەمان کاتدا پێویستە مامۆستاکە (5%)ی موچەکەی بدات بە زانکۆ حکوومییەکە سەرەڕای ئەمەش پێویستی بە ڕەزامەندیی هەردوو زانکۆ هەیە. لە لایەکی دیکەوە، ئێستا بڕیاری وەرگرتنی کرێ لە قوتابیانی بەشی ناوخۆ هەڵپەسێردراوە، بە هەمان شێوە پارە لە کوڕ و کچی شەهیدان وەرنەگیراوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، تەنیا هەندێک کرێ و ڕسووماتی ئاسایی نەبێت.
دەربارەی سێکتەری پەروەردە زێباری گوتی: ژمارەی قوتابخانەکان لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی قوتابییەکان زیادی نەكردووە، لەبەر ئەوە، زۆربەی بیناكان لە لایەن دوو، یان سێ قوتابخانەوە بەكار دێن، بەڵام نزیکەی ٣٠٠ بینای قوتابخانە کە پێش قەیران دەست بە درووستکردنیان کرابوو، ئێستا هەموویان وەستاون. لە لایەکی دیکەوە، لە سیستەم و پرۆگرامی خوێندن لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە توندوتیژی بە گشت شێوازەکانییەوە قەدەغە کراوە. ئەگەر هەر دیاردەیەکی نامۆ لە هەر قوتابخانەیەك بەدی بکرێت، ئەوا پێویستە بە ڕاپۆرتێك لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی.
زێباری لە پرسی دواکەوتنی ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنی ڕاگیراوان، مانەوەیان و ڕەوشی گرتووخانەکان گوتی: لە بنکەکانی پۆلیس و نووسینگەکانی نەهێشتنی تاوان ڕێکارە یاساییەکان لە لایەن لێکۆڵەرەکانی پۆلیسەوە ئەنجام دەدرێن، کە بە پێی یاسا بۆیان دیاری کراوە. ئەندامانی داواکاری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر ئۆفیسیان نییە، تەنیا (لێکۆڵەری دادی ـ المحقق العدلی) کە سەر (بە وەزارەتی داد)ن ئۆفیسیان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر هەیە و کارەکانیانی تێیدا ئەنجام دەدەن، بەڵام لە کاتی پێویستدا ئەندامانی داواکاری گشتی ئوفیسی ئەوان بەکار دێنن.
سەبارەت بە ڕەوشی گیراوە بیانییەکانیش زێباری ئاشکرای کرد، لە بەشەکانی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزی هیچ کاتێک کێشەی درووست نەکردووە، گیراوە بیانییەکانیش هەموو مافێکیان هەیە و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا کونسووڵخانەی وڵاتەکانیان ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر لە هەرێم کونسووڵخانەیان هەبێت، هەروەها لە ڕێگای تەلەفۆنەوە خزم و کەسیان ئاگادار دەکرێنەوە، تا ئەو کاتەی کێشەکانیان لە لایەن دادگاکانی هەرێمەوە یەکلا دەکرێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی تا ڕاددەیەکی بەرچاو ڕەوشی ڕاگیراوان پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە هەموو بوارەکاندا، وەک چارەنووسیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان و چارەسەرکردنیان و دابینکردنی خواردنی باش و پێداویستییەکانیان و ڕێزگرتن لەو کەسانەی سەردانی ڕاگیراوان دەکەن، بەڵام کەمیی کارمەندی پسپۆڕ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کۆلێژ و پەیمانگا و قوتابخانەی تایبەت بە کاری پۆلیسی گرتن و گواستنەوە، کە دوای دەرچووانیان ببنە پسپۆڕ و دابمەزرێن.
لە پرسی ماددە هۆشبەرەکاندا دیندار زێباری گوتی: عێراق ساڵی 1962 پەیماننامەی تایبەت بە ماددەی هۆشبەری پەسند کردووە بە یاسای ژمارە(16)ی ساڵی 1962، ئەو پەیماننامەیە، تاکە پەیماننامەیە لەسەر ئاستی جیهانیدا هەیە تایبەت بە ماددەی هۆشبەر، بۆیە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، چونکە عێراق پەسندی کردووە. لە پاڵ ئەوەش، حکوومەتی هەرێم بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێیەوە کار بە یاسای ژمارە (68)ی ساڵی 1965 دەکات ئەو یاسایەش بە شێوەیەکی زۆر تۆکمە ڕێگریی کردووە لە خراپبەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێیەوە. لە دادگاکانی هەرێم چەندین کەس بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان سزا دراون بە پێی تاوانەکە، هەروەها لە پارێزگاى (هەولێر و سلێمانى) بەشى تایبەت بە ئاڵوودەبوانى ماددە هۆشبەرەکان کراوەتەوە، وەک بەشێک لە نەخۆشخانەى تووشبوان بە نەخۆشییە دەروونییەکان.
زێباری هەروەها تیشکی خستە سەر مافی کرێکاران و گوتی: بۆ پاراستنی مافی کرێکاران کار بە یاسای کاری عێراقی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٥ دەکرێت، لە لایەکی ترەوە بۆ زیاتر گرنگیدان بە ڕەوشی کرێکاران و پاراستنى مافەکانیان یاساى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتی ژمارە (39ی ساڵى 1971)ی هەموارکراو، کە دواتر بە یاسای ژمارە (4ى ساڵى 2012) دەرچووە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای کرێکاران و ژوورى بازرگانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان. مافى كرێكارانى بیانی پارێزراوه به پێى یاسای ژماره (4)ى ساڵى(2012)، ئهوانیش یاساى خانهنشین و دهستهبهرى كۆمهڵایهتی بۆ كرێكاران و پاراستنی مافهكانیان له چوارچێوهی یاسا و ڕێنماییهكان به مهرجێک ئهو كرێكارانه به ڕێگای یاسایی بێنە ههرێم و به ئاگاداریى وهزارهت و بە پێی ڕێنمایی و ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان، هەروەها له پارێزگاكانیش یاساى دادگاى كار ههیه، كه تایبهتمهنده به یهكلاكردنهوهی كێشهى كرێكارهكان چ خۆماڵى بێت، یان بیانی.
لەبارەی گرفتی زووبەشوودانی کچانەوە کە ئێستا لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە، زێباری گوتی: ئهو كهسانەى ئهم كاره ئهنجام دهدهن، یان ڕێگای بۆ خۆش دەكهن، تهنیا له ڕێگاى دادگاوه لێكۆڵینهوهیان لهسهر دهكرێ، به پێى یاسا سزای خۆیان وهردهگرن، پاش پێشكهشكردنی سكاڵا لەسەر ئەو كەسانەی ئەم كارە ئەنجام دەدەن، یان ڕێگا بۆئەم دیاردەیە خۆش دەكەن بەپێی خاڵی دووەمی ماددەی دوو لە (یاسای ژمارە 8)، توندوتیژیی خێزانی و هاوسەرگیریی پێشوەخت لە ڕیزبەندی ئەو كردانەیە، کە بە توندوتیژیی خێزانی دانراون، بۆیە سزاکەیشی وەک سزای توندوتیژیی خێزانییە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پرۆژەیەکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوی (UNFPA) بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، کە پرۆژەکە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری لە بەشوودانی منداڵان و بڵاوکردنەوەی وشیاری و لێکەوتە خراپەکانی بەزۆر بەشوودان و پارستنیان، ئەمەش لە ڕێگەی چەندین چالاکییەوە، بەتایبەتی لە نێو ئاوارە و پەنابەراندا، وەک ئەنجامدانی (بەرنامەی تەلەڤزیۆنی، کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، ئەنجامدانی سیمینار و وۆرکشۆپ و خول).
سەبارەت بە کەمئەندامان و ڕەوشی شەڵتەرەکانیش گوتی: حکوومەت زەوییەكی فراوانی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی بكرێتە بینایە بۆ شەڵتەری هەولێر و نەخشەكەیشی ئامادە كراوە، بهڵام به هۆی قهیرانی داراییهوه کارەکان دواکەوتوون و ئیستا دراوە بە چەند ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها له شهڵتهرهكاندا دایهنگا كراوهتهوه بۆ ئهو ئافرهتانهی كه منداڵیان لایه. لهم دایهنگایه توێژهری كۆمهڵایهتی و فهرمانبهری بهشهكه سهرپهرشتییان دهكهن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی 5 ساڵ لەگەڵ دایكیان دەبن و هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین دەكرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لە دایكیان جیا دەكرێنەوە و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە ڕەوانەی خانەی منداڵان دەكرێن.
لە لایەکی ترەوە کەمئەندامان و خاوهن پێداویستیی تایبهت، بە پێی یاسای ماف و ئیمتیازاتیان له ههرێمى كوردستان به یاسای ژماره (22 لە ساڵی 2011) ههموو مافهكانیان پارێزراوه، ههروهكو له ههردوو ڕێنماییی (2ى ساڵى 2012 و ڕێنماییی 2ى ساڵى 2016) وردهكارییهكانی جێبهجێكردنی یاساكه ئاماژهی پێ دراوه له ههموو بوارێكهوه (تهندروستی و كۆمهڵایهتی و پهروهرده و خوێندن، كار و پیشه، ڕۆشنبیری و وهرزش). لە لایەکی دیکەوە، كۆی گشتیی ئهوانهی تۆمار كراون له لیستی كهمئهنداماندا (107) ههزار كهسن. بهڵام له ساڵى (2016) لێژنە پێك هێنرا بۆ داڕشتنی سیستهم و ڕێنمایی نوێ و پێداچوونهوه به پشكنینى نوێی پزیشكی بۆ ئەوەی سهرلهنوێ ئەنجام بدرێتەوە. دوا ڕێکەوت بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە (1/10/2017) بوو، دواتر ئهوانهی له پشكنین دهرچوون، مووچهكانیان بهردهوام دەبێت، لێرەدا دوو لیست دەمێنێ، ئهوانهى نههاتوون بۆ سهردانی لێژنەكه و ئهوانهی له پشكنینى پزیشكى دهرنهچوون. ئهمانه له لیستی كهمئهندامان دهردهكرێن.
رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكوومەتی هەرێمى کوردستان سەبارەت بە بواری تەندورستی گوتی : ماوەی بەسەرچوونی دەرمان بە پێی ڕێنمایی و زانیارییە پزیشکی و زانستییەکانی دەرمانسازی تاوەکو دواڕۆژی کە لە سەر پاکەتی دەرمانەکە نووسراوە بۆ بەسەرچوون دەکرێت، دەرمان بەکار بهێندرێت، هەندێک جار ئەو دەرمانانەی کە لە بەغداوە هاتوون هەندێکیان کاتی بەسەرچوونیان نزیک ببووەوە، ئەوانیش لەگەڵ دەرمانی تر بە یەکەوە بوون و نەدەکرا لە هەرێم ڕەت بکرێتەوە، لەگەڵ ئەو ڕاستییە زانستییە کە ڕێکەوتی نزیکی بەسەرچوون، بەکارهێنانی ئاسایییە و دروستە. بە پێی ڕێنمایی و مەرجەکان هەر کۆمپانیا، کۆگا، یان دەرمانخانەیەک سەرپێچیی کردبێت، سزا دراوە، سزاکان بە گوێرەی جۆری سەرپێچییەکانە، وەک داخستن، ڕەوانەکردن بۆ دادگا، تۆمارکردنیان لە لیستی ڕەش. بەشی چاودێریی بازاڕ لە وەزارەتی تەندروستی (١١٣) دەرچوون و بەدواداچونی بۆ کۆمپانیاکان و کۆگاکانی دەرمان ئەنجام داوە، بەم شێوەیە: (٧٣) کۆمپانیای دەرمان بەسەر کراونەتەوە، دوو کۆمپانیای دەرمان دراونەتە دادگا، (١٣) کۆگای دەرمان سزا دراون، قاچاغچییەکی تورک ڕەوانەی دادگا کراوە، دوو کەسی تری عێراقی دراونەتە دادگا لەسەر دەرمانی ساختە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا تیشکی خستە سەر کەمتەرخەمیی کارمەندانی پزیشکی و گوتی: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە پزیشکان و کارمەندان لە هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک لە لایەن هەر فەرمانبەرێک، بە پزیشک و کارمەندانی ئاساییەوە، بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران و یاسای و ڕێنماییپێکراوەکان دەبێت و لەم بوارەوە ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر بەرامبەر بە هەر کەمتەرخەمییەک، کە خۆی لە سزادانی کارگێڕی و دانە دادگا بە گوێرەی دەرەنجامی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە هەریەک لە حاڵەتەکان کە نوێنەری داواکاری گشتی تێیاندا بەشدار بووە. لە ساڵی 2014ەوە تاکو مانگی تەمموزی 2017 لە وەزارەتی تەندروستی (١٣٩) لێژنەی لێکۆڵینەوە پێک هێنراوە و (١٤) فەرمانبەر دراونەتە دادگا و (٤٢) فەرمانبەریش بە سزای کارگێڕیی جۆراوجۆر سزا دراون.
سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گۆڕینی گورچیلە لە هەرێمی کوردستان دیندار زێباری ڕایگەیاند: نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتوو و گرنگە، کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ساڵانە ژیانی هەزاران نەخۆش لە مردن ڕزگار دەکرێت. لێژنەی پزیشکیی پسپۆڕ و تایبەتمەند و یاسایی و پۆلیس و ئاسایش بەشدارن لە ئامادەکاریی کەسی بەخشەر پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنمایی تایبەت بە چاندنی گورچیلە، سەرەتا بەخشەرەکە لە لایەن پۆلیس و ئاسایش و لایەنی یاساییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بەڵێننامەی یاسایی پێ واژۆ دەکرێت، کە بە ئارەزووی خۆی و خۆبەخشانە گورچیلەکەی دەبەخشێت، دوای ئەوە لە لایەن تیمی پزیشکی پسپۆڕی هەناو، گورچیلە، نەشتەرگەریی گورچیلە، دەروونی، پشکنینی پزیشکیی پێویستی بۆ دەکرێت و بڕیار دەدرێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، یان نا، چونکە لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندی سەرجەم ڕێنماییە پزیشکی و زانستی و یاساییەکانن و سەرپێچی لە پزیشک و کارمەندان قبوڵکراو نییە.
دواتر د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ سەبارەت بە بێسەروشوێنبوونی (٣٥٠) گیراوی داعش لە کەرکوک و گوتی: تا ڕۆژی 16/10/2017 هیچ بەندکراوێک لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ڕاگوێزراوانی حەویجە کە پێش پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجە دەهاتنە دبس و بەشێکیان کە ئەندامی داعش بوون، یان هاوکاریی داعشیان کردووە، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرد و هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو. دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیەک لە کەرکووک نەبووە.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، دیندار زێباری گوتی: شێوازی دەستگیرکردنی ئەو (٣٥٠) کەسەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون، واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجەوە، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن و لە خێزانەکانیان دابڕا بوون، ئەوان خۆیان ڕادەستی سوپای عێراق نەکردووە، بەڵام خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە، کە دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە.
ناردنی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی یۆنامی بۆ دوزخورماتوو یەکێک بوو لەو بابەتانەی دیندار زێباری لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا باسی کرد، لەم بارەوە گوتی: ئێمە پێشوازی لە هەر ڕاپۆرتێکی بێلایەنی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە ئێمە داوامان لە ڕێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد، کە پێویستە هەرچیی زووە بە هانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن، لە هەمان کاتدا پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکان بکەن، چونکە هاووڵاتیانی کوردی ئەم ناوچانە بەتایبەتی بە ئامانج کرابوون، بۆ ئەم مەبەستەش یۆنامی بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان تیمەکانی ناردە ناوچەکە.
زێباری هەر سەبارەت بەو بابەتە گوتی: ئەوەی بۆ ئێمە مایەی سەرنج بوو لە ڕاپۆرتەکەدا وەک پێویست ئاماژە بەو ڕاستییانەی سەرەوە نەکراوە، چونکە هاووڵاتیانی کورد بە پلەی یەک بوونەتە ئامانج و بەڵگەش بۆ ئەوە لە خودی ڕاپۆرتەکەدا باس کراوە، چونکە خانووی هاووڵاتیانی تورکمانی شیعە لەسەری نووسراوە بۆ ئەوەی دووچاری تێکدان و ڕووخان نەبێتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ئەنجامی گرژیی نێوان تورکمانە شیعەکان و کوردان ڕووی داوە، تەنانەت ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەشێکی لە ڕووخانی گەڕەکە کوردەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە گەڕەکی خۆیان ڕووی داوە، چونکە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کۆچ، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە باس کراوە کەمترە لەوەی کە لە واقیعدا هەیە و ئامارەکانیان ڕەنگدانەوەی دروستی ڕووداوەکان، چونکە خورماتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان، کە دەکاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار کەس ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێ هێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێک دراون، لە نێویاندا ١٢ بارەگای حزبی سوتێنراوە و (6) بارەگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی لە لایەن میلیشیاکانەوە بە دڕندەترین شێوە لە پێش چاوی خانەوادەکەی شەهید کرا و تەرمەکەیشی شێوێنرا، هەروەها (١٩) کارگە و چێشتخانەی هاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دووکانی هاووڵاتیان تاڵان کراوە و سووتێندراوە، بە شێوەیەکی گشتی، ئەو زیانانەی بەو شارە کەوتووە، بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە کۆتاییی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەیدا د. دیندار زێباری، ڕێکخەر ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لێرەوە بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگاداری بکهینەوە، كه كهمینهیهكی باڵادهست دهیانهوێت به پاڵپشتیی میلیشیاكانی حهشدی شهعبی دیمۆگرافیای ناوچهكه بگۆڕن و شارهكه له ڕێی ترس و تۆقاندنهوه چۆل بكهن له دانیشتووانه كوردهكهی و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێت و کار بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و ڕەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە، کە لە ترسی هەڕەشەکانی میلیشیاکان ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها کار بکرێت بۆ سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی کە تاوانیان دەرهەق بە هاووڵاتیانی تووزخورماتوو ئەنجام داوە.




