سوپای تورکیا ھێزی لە باشیک زیاد نەکردووە
__2018_02_05_h15m49s10__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- سوپای تورکیا، ھیچ ھێز و تفاقێکی لە ناوچەی باشیک زیاد نەکردووە، وەک دەڵێن، بۆ ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی پەکەکە لە چیای شنگال. فەرماندەیەکی سەربازی دەڵێت، ھەموو شتێک وەک پێشتر نۆرماڵ دەڕوات و گۆڕانکاری ڕووی نەداوە لە نێو ھێزەکانی تورکیا لە باشیک.
لە ساڵانی ھەشتاکان حکوومەتی عێڕاق لە سەردەمی حزبی بەعسدا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنێکیان بەستبوو، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، سوپای ھەردوو دەوڵەت بۆیان ھەبوو، "بچنە نێو خاکی یەکترەوە".
وا دیارە ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە سوپای تورکیا ھەرکاتێک بیەوێـت لە خاکی عێراق و کوردستان بە بیانووی لێدان لە پەکەکە، دێتە نێو خاکی عێڕاقەوە. دواجار حکوومەتی تورکیا دەڵێت ڕێککەوتنم لەبەردەستدایە بۆ ئەم مەبەستە.
چەند میدیایەک سەر بە لایەنێکی دیاریکراو لە پێگەی فەرمیی حزبەکەیاندا بڵاویان کردووەتەوە، گوایە ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا لە "باشیک" جموجووڵی تێکەوتووە و تانک و زرێپۆش لەو ناوچەیە زیاد دەکات. ھەر لە تەواوکەری ھەواڵەکەدا دەڵێت، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، جموجووڵی تورکیا لەو ناوچەیە ئامادەکارییە بۆ ھێرشکردنە سەر پەکەکە لە چیای شنگال.
پەیوەست بە پشتڕاستکردنەوەی پرسەکە و زانیاریی زیاتر، فەرماندەی پێشمەرگە لە چیای باشیک، لیوا بەھرام عەریف یاسین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەک بابەتی وا لە باشیک نییە و تورکیا ھێزی خۆی زیاد نەکردووە."
ئەو ھێزانەی تورکیا، کە لێرەن، کاتی خۆی بە ڕێککەوتنی نێوان، ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵ بوو، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و دەوڵەتی تورکیا بۆ مەشقپێکردنی ھێزەکانی (حەشدی نیشتمانی) لە دەورووبەری مووسڵ بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش، کە تاکوو ئێستاش ئاگادارین، ئەو سەربازگەیە بۆ مەشقی (حەشدی نیشتمان)یە.
لیوا بەھرام، زیاتر گوتی: "گۆڕانکاری بەسەر ھیچ پلان و بەرنامەیەکی ئەو ھێزانەدا نەھاتووە، ھەمان ھێزەکانی جاران لە ھەمان شوێنی خۆیان جێگیرن و هەر ئەو ئەفسەرانەی لێیە، کە مەشق بەو ھێزانەی (حەشدی نیشتمان)ی دەکەن.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ و سەردەمی ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی ـ داعش، تورکیا و عێراق بە ئامادەبوونی ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵ ڕێککەوتنێکیان بەست بۆ مەشقپێکردنی ھێزەکانی "حەشدی نیشتمانی".
ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای باشیک ئاماژەی بەوە دا: "ئێستا تورکیا ھێرشی کردووەتە سەر عەفرین، ھەربۆیە وەزیری ناخۆ، یان وەزیری جەنگ، یان وتەبێژی دەرەوەیان، ھەندێک لیدوانیان داوە و دەڵێن، دوای عەفرین دەچینە مەنبەج و سنووری عێراق و دەچینە شنگال و دەچینە قەندیل، ئەوە وتەی دەوڵەتی تورکیایە و کێشەی خۆیەتی. بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێک لەو ناوچەیە ڕووی نەداوە و ھەموو شتێک وەک خۆی نۆرماڵ دەڕوات."
پەیوەست بەم بابەتەوە شارەزایەکی سیاسی، تارق حەرب لە عێراق دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە، چونکە دەچێتە چوارچێوەی باری "ئەمنی" و یەکێکە لە کارەکانی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا، بە پێی ماددەی (١١٠)ی دەستووری عێراق."
فایزە کۆیی




