شەلال عەبدول: دادگا لەبەرژەوەندی من بڕیاری دا..لێپرسینەوە لە ئەنجوومەن دەکرێ
__2018_02_03_h17m32s40__ER.jpg)
خورماتوو-KDP.info- قایمقامی قەزای خورماتوو دەڵێ، لە دادگای کارگێڕیی بەغدا سکاڵام تۆمار کردووە و دادگا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی من دەرکردووە و دەشڵێ، بە پێی یاسا من قایمقامی فەرمیی خورماتووم و ئەنجومەنی قەزا دەچنە بەردەم دادگا بۆ لێپرسینەوە.
شەلال عەبدول، قایمقامی قەزای خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە من وەک قایمقام، خورماتووم بەجێ ھێشتووە و نەگەڕاومەتەوە شارەکە، بە پیلانێک من لەسەر پۆستی قایمقام لادرام و کەسێکی دیکە وەک قایمقام لە لایەن ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بە شێوەیەکی نایاسایی کرایە قایمقامی خورماتوو، لەبەر ئەوە من لە دادگای کارگێڕیی بەغدا سکاڵایەکم لەسەر ئەنجومەنی قەزاکە تۆمار کردووە."
مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی قەزای خورماتوو کۆ بووەوە و تێیدا بە زۆرینەی دەنگ، شەلال عەبدول وەک قایمقام لەسەر کار لادرا و کەسێکی تورکمانی شیعە مەزھەب کرایە قایمقامی خورماتوو.
قایقمامی خورماتوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دادگا سکاڵای منی قبووڵ کردووە و چەند بڕیارێکی دەرکردووە، لەوانە داوای لە پارێزگار کردووە ھیچ ھەنگاوێک نەنێت لەسەر ئەو پرسە و دادگا داوای لە ئەنجومەنی قەزا کردووە لەبەردەم دادگا ئامادە بێت لەسەر ئەو ھەنگاوەی لەسەر کارلادانی قایمقام بەبێ ھیچ ھۆکارێکی یاسایی.
شەلال عەبدول گوتی: "من ڕژدم لەسەر داوای خۆم و دڵنیاشم لە دادگا من دەیبەمەوە، چونکە من لەسەر حەقم و ئەنجومەنی قەزا بەبێ ھەنگاوی یاسایی تورکمانێکی کردووەتە قایمقام، لەبەر ئەوە بە ھەموو لایەک ڕادەگەیەنم ئێستا قایمقامی فەرمیی ھەر بەندەیە، تا دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە مووچەکەم ڕاگیرابوو، ئێستا مووچەشم بۆ خەرج کراوە و قایمقامی فەرمیی خورماتووم."
قائید میرۆ




