٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەلبێرت: بەغدا بە چەندین شێواز لە گۆڕینی دیموگرافیای مەسیحییەکان بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

موسڵ-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حەشدی شەعبی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دیموگرافیایی ناوچە مەسیحیەکان بگۆڕێت و ئێستا شیعە دەھێنێتە ناوچەکە و کۆمەڵگای نیشتەجێبوونیان بۆ دروست دەکات.

دوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ، حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بەردەوام کێشە بۆ مەسیحییەکان دروست دەکات و ڕێگرییان لێ دەکات و سووکایەتییان پێ دەکات و ئێستا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی شیعە ھاوردەی ئەو ناوچانە بکات و مەسیحییەکانیش لەو ناوچەیە دەربکات و دیموگرافیای ناوچەکەش بگۆڕێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خالید ئەلبێرت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستدرێژیکردنی حەشدی شەعبی بۆ سەر مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەردەوامە و ئێستا حەشدی شەعبی لە ڕێگەی بەکارھێنانی شەبەک لە دژی مەسیحییەکان ئەوکارە دەکات، ئەوانیش ناخۆشی بۆ مەسیحییەکان دروست دەکەن و زەوی و مڵکی مەسیحییەکان داگیر دەکەن و لە نوێترین کاریشیاندا حەشدی شەعبی بەنیازە دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی بەرتڵە دروست بکات و فشار لەسەر مەسیحییەکان دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە جێ بێڵن و ھەندێک مەسیحییش بە ھۆی ئەو فشارانەوە خانووی خۆیان دەفرۆشن، لەبەر ئەوەی ئەمە پلانێکە دژی مەسیحییەکان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە، بۆ ڕێگری کردن لەو کارەش ئێمە سەردانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێممان کرد و ئەو شتەمان بۆ ڕوون کردەوە."

خالید ئەلبێرت گوتی: "ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمیش بەڵێنی دا، ھەرکەسێک بیەوێت زیان بە مەسیحییەکان بگەیەنێت ڕێگری لێ دەکەن و لە بەرامبەری دەوەستنەوە و ھەندێک داواکاریشمان کرد، کە لە ڕێگەی ھێزەکانی ئاسایشەوە ئاسانکاری بۆ مەسیحییەکان لە ناوچەکەدا بکرێت، ئەویش فەرمانی دا کە ئەو ئاسانکارییەیان بۆ بکرێت."

لەبارەی جۆری پێشێلکارییەکانەوە، ئەلبێرت گوتی: "چەندین پێشێلکاری ئەنجام دراوە وەکو سووکایەتیکردن بە ژنانی مەسیحی و ڕێگریکردن لە خەڵک و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و جگە لەوەش، خەڵکێکی شەبەکی شیعە لە مووسڵ و باشووری عێراق دەھێنن بۆ ناوچەکە و نیشتەجێیان دەکەن و کارتێکی سەوزیان بۆ دروست دەکەن، کە خەڵکی ناوچەکەن و سەرەڕای ئەوەش قوتابی لە خوارووی عێراق دێننە زانکۆی حەمدانیە و لەوێ دەخوێنن و خانوویان لەسەر حیسابی خۆیان بۆ گرتوونە، ئەمە ھەمووی بە بەرنامە کراوە بۆ بەشیعەکردنی ناوچەکە."

سەبارەت بە دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبوون، ئەو گوتی: "ئێستا پڕۆژەیەک دەستی پێ کردووە لە بەرتڵە و تەندەریشی بۆ کراوە و دەستی پێ دەکەن، کە ئەمەش لای ئێمە قبوڵکراو نییە."

ڕوونیشی کردەوە: "خەڵکێکی زۆری مەسیحی گەراونەتەوە، بەڵام بەشێکی ئەوانەی بەرتڵە ترسیان لەگەڕانەوە ھەیە، چونکە حەشدی شەعبی لە ڕێگەی هەندێ شەبەکی شیعەوە کێشەیان بۆ دروست دەکەن."

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی مەسیحی، پێشتر ژمارەی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ١٣٠ ھەزار کەس بوو، ئێستا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام بەشێکیان لە ترسی حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە و بەشێکیشیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار