ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆمار: گفتوگۆی ئەمجارەی هەولێر و بەغدا ئەنجامی دەبێت
__2018_02_01_h16m24s11__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێویستییان بە کورد ھەیە، بۆیە لە ھەڵبژاردنەکان نزیک بووینەتەوە و کورد ھەرچیی داواکاریی ھەیبێت بۆی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە با ھاووڵاتییان دڵنیا بن گفتوگۆی ئەمجارەی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجامی باشی دەبێت.
ماوەیەکە گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەستی پێ کردووە و تا ئێستا دوو کۆبوونەوە لە نێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عێراق ئەنجام دراون و بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکانیش ئەنجامی ئیجابیی ھەبووە و جگە لەوەش، ئێستا چەندین لیژنەی بەغدا لە ھەرێمی کوردستانن و کاری وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی کارەکان مووچە ڕەوانە بکەن.
لەمبارەیەوە، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەستیان پێ کردووە، ھەنگاوێکی زۆر باشە کە گفتوگۆ دەکرێت و شاندی بەغدا ھاتوون بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەر ئەمە خێری بۆ ھاووڵاتییان ھەبێت کارێکی زۆر باشە و ئەنجامی باشیشی دەبێت، چونکە بۆ چارەکردنی کێشەکان تەنھا ڕێگا گفتوگۆیە."
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی گوتی: "ئەمجارەیان با خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵنیابن، گفتوگۆکان ئەنجامی دەبێت، چونکە لە ھەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە و لایەنەکانیش بۆ ئەوەی لە کورد نزیک ببنەوە داواکارییەکانیان قبووڵ دەکەن و لەگەڵیان دەگەنە ڕێککەوتن، بۆیە ھەموو لایەنەکان لە عێراق پێویستیان بە کورد ھەیە، چونکە کورد پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراقە و ڕۆڵێکی گرنگیشی ھەیە لە یەکلاییکردنەوەی پرسەکان."
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق ڕاشیگەیاند: "ئێستا ھەر ھەنگاوێک بەو ئاراستەیە بنرێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان باشتر بکرێت کارێکی زۆر باشە، ھەربۆیە ھیوادارین ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و کێشەکانیش لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکەن."
بڵند ئیبراھیم




