سه‌رۆك و بڕیارده‌رى لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوان هه‌ڵبژێردران

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له په‌رله‌مانى كوردستاندا، کە بە ئامادەبوونی جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەڕێوە چوو، سه‌رۆك و بڕیارده‌رى لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر هه‌ڵبژێردران. هاوکات لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوانیش كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجام دا و، تێیدا لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوان هەڵبژێردرا.
به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و بڕیارده‌ر و دانانى پلان و به‌رنامه‌ی كارى داهاتووی لیژنه‌كه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30/1/2018، لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له په‌رله‌مانى كوردستان، به سه‌رپه‌رشتیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونى بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سكرتێرى په‌رله‌مان و دكتۆره ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی‌ی په‌رله‌مان كۆ بووەوه.
پاش ئەوەی ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ سه‌رۆكى لیژنه كرایه‌وه، عه‌بدوڵڵا جاسم، خۆى كاندید كرد و به تێكڕاى ده‌نگ وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌كه هه‌ڵبژێردرا، دواتر ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ بڕیارده‌رى لیژنه كرایه‌وه و عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى، به تێكڕاى ده‌نگ وه‌ك بڕیارده‌رى لیژنه‌كه هه‌ڵبژێردرا.
پاشان دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له وته‌یه‌كدا باسى له گرینگیى كارى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان كرد و گوتى: "كاركردنى په‌رله‌مان له لیژنه‌كان به شێوه‌ى تیم زۆر سه‌ركه‌وتووه و، پێویسته به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ى خه‌ڵك و چاودێریى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بكه‌ن و ئێمه‌ش وه‌ك ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان له هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وامدا ده‌بین بۆ كارئاسانیى كارى لیژنه‌كان".
هه‌روه‌ها گوتى: "لیژنه‌ى بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له ئێستا پێویسته رۆڵى هه‌بێت و وه‌ك له پێشتر رۆڵى هه‌بووه و به‌رده‌وام بێت، له ئێستادا كوردستان پێویستی به كارى زۆرترى لیژنه‌كه هه‌یه".
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ى بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر پلانى كاركردنى داهاتووی لیژنه‌كەی دانا و، ئه‌و نووسراوانه‌ى ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ش كرابوون گفتوگۆى وردیان له‌سه‌ر كرا.




