كورد و سوننە، ئەمڕۆیش بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دوێنێ بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كردووە لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەوە و، ئەمڕۆیش بە ھەمان شێوە بایكۆتی دەكەنەوە و بەردەوامیش دەبن تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێن.
كورد داواكاریی خۆی پێشكەشی حكوومەتی عێراق كرد بۆ ئەوەی پشكی خۆی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێگر بكرێت، بەڵام حكوومەت ئامادە نەبووە جێبەجێی بكات، بۆیە كوردیش بڕیاری داوە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات لەبارەی بوودجەوە و دەنگیش بەو پڕۆژەیاسایە نادات، كە گرینگترین داواكاریی كوردیش پێدانی ١٧%ـی بەشەبوودجەی ھەرێم و گۆڕینی ناوی پارێزگاكانی ھەرێمە بۆ حكوومەتی ھەرێم.
حاكم سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوێنێ پەرلەمان بڕیار بوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجە بكات، بەڵام ئێمە و سوننە بایكۆتمان كرد، بۆیە نیسابی یاسایی تەواو نەبوو و كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ دوا خرا، بڕیاریشە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و ئێمەیش بەردەوام دەبین لەسەر بایكۆتكردن تاوەكو داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكرێن".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "سەرۆكایەتی پەرلەمان بەنیازی ئەوەیە بە فێڵ ئێمە بباتە ھۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی باس لەوە بكات خوێندنەوەی یەكەم بۆ بوودجە ناكەن و، دواتریش لەناكاو بیخاتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام ئێمە ھەر لە سەرەتاوە بەشداری ناكەین و بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەكەین".
بە گوتەی سلێڤانەیی، حكوومەت ئامادە نییە داواكاریی كورد جێبەجێ بكات و گوێ بە ھەڕەشەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتییش نادات، چونكە خۆی لەسەر ئەوە ھەر بەرمیلێك نەوت بە ٤٦دۆلار بفرۆشێت، بەڵام ئەو ئێستا بە ٧٠ دۆلار دەیفرۆشێت و پارەیەكی زۆری بۆ دێت و پێویستی بە قەرز نییە، جگە لەوەیش رۆژانە سێ ملیۆن و ٨٨٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەكات، لەبەر ئەوە نایەوێت بێتە پەرلەمان و دەخوازێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت".
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ھەڕەشەی ئەوەی لە حكوومەتی عێراق كردووە كە، ئەگەر پشكی ١٧%ـی ھەرێم دابین نەكرێت و پارەی ھەرێم لە ١٠ترلیۆن دینار كەمتر بێت، ئەوان قەرز بە حكوومەتی عێراق نادەن و ئەمەیان كردووەتە مەرجێكی سەرەكیی پێدانی قەرز بە عێراق، بەڵام تاوەكو ئێستا عێراق بەو مەرجانە رازی نەبووە.
بڵند ئیبراھیم




