٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: پشتگیری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

داڤۆس-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری پرۆسه‌كه‌ و پشتگیری له‌ چاره‌ی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق و ‌مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس، ئێواره‌ی  پێنجشه‌ممه‌ ٢٥/١/٢٠١٨  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو دێرل ئۆرسۆلا خۆشحاڵیی خۆی به‌ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕی و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی بۆ دیالۆگه‌كه‌ خواست و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری پرۆسه‌كه‌ و پشتگیری له‌ چاره‌ی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق و ‌مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن هاوبه‌شه‌كانی ئه‌ڵمانیاش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌مان خواستیان هه‌یه،‌ چونكه‌ سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌موو لایه‌كدایه‌.

لای خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌م ده‌رفته‌ و هاوكاری و پشتگیریی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا ده‌رگایان بۆ هه‌رێمی كوردستان واڵا كرد‌. دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدایشی به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش زانی و ئاشكرای كرد كه‌‌‌ هه‌رێمی كوردستان هیوا‌خوازه‌ ئه‌و دیالۆگه‌ و كاری ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێم و عێراق،‌ ببێته‌ هۆی ئه‌نجامدانی هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ كێشه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ چاره‌سه‌ره‌وه‌ نزیكن، به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلا بكرێنه‌وه‌.

ستایشی هه‌ڵوێستی خاتوو ئه‌نگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیای كرد بۆ پشتگریكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵدانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ جددی له‌ پرۆسه‌ی دیالۆگدا به‌شداره‌ و هیواخوازه‌ ئه‌نجامی باشی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یاوه‌ڕى سه‌رۆك وه‌زیران،  قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون.


 

هەواڵی پەیوەندیدار