٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەرمەنەکان دەڵێن عێراق بە ئاشکرا دژایەتییمان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پێکھاتەی ئەرمەن کۆرسییەکی کۆتا لە پەرلەمانی عێراق بە مافی خۆیان دەزانن و نوێنەرێکی ئەرمەنەکانیش پێی وایە، ھەندێ لایەن دژایەتییان دەکەن تا کۆرسییان بۆ دابین نەکرێت و دەشڵێ، نیوەی ئەرمەنەکانی عێراق بە ھۆی ناکۆکیی مەزھەبییەوە عێراقیان بەرەو ڕۆژئاوا بەجێ ھێشتووە.

یەروانت نیسان مارکۆس، نوێنەری ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژە یاسایەک لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە ئامادە کرابوو تا پێنج کۆرسیی کۆتا بۆ کریستیانەکان و کۆرسییەکیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن دابین بکرێت، بەڵام کاتێک پڕۆژەکە گەیشتە لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق ڕازی نەبوون بە دانانی کۆرسییەک بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، تەنھا پشتوانی ئەرمەن پەرلەمانتارە کوردەکان بوون، ھەرچەندە سەلیم جبوری داوای لە لیژنەی یاسایی کرد کۆرسییەک بۆ ئەرمەن بخرێتە نێو پڕۆژەکەوە، بەڵام ھەوڵەکان سەری نەگرت.

پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا، ڕۆژی ١٢ی ئایاری داھاتوو ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچن، دکتۆر تارق گەردی، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک کوتلە کوردستانییەکان زۆربەمان لەگەل ئەوە بووین ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوا بخرێن، چونکە بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان داگیر کراون و پێویستە ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئینجا ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

نوێنەری ئەرمەنەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە لایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە ٨٣ ئیمزا کۆ کرانەوە تا لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پرسی کۆرسیی ئەرمەن بخرێتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، بەداخەوە لە لایەن ھەندێ کوتلەی پەرلەمانی دژایەتیمان کرا و ڕێگەیان نەدا بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان."

مارکۆس ڕوونی کردەوە: "گەلی ئەرمەن ئێستا ژمارەیان لە ١٠ ھەزار کەس زیاترە و زۆرینەیان لە سەنتەری شاری بەغدا و پارێزگای دھۆک و بەسرە نیشتەجێن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پێکھاتەی ئەرمەن ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس بوو، بەڵام بە ھۆی ناکۆکیی مەزھەبی و ئاڵۆزییەکانی عێراق نزیکەی نیوەی ئەرمەنەکان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا کۆچیان کرد."

یەروانت نیسان مارکۆس، بە مافی ئەرمەنەکانی زانی کۆرسییەکی کۆتایان ھەبێت، چونکە وەک خۆی دەڵێ: "ئەرمەن لە سەردەمی عەباسییەکانەوە لە عێراقدا ھەبوون و لە پەرلەمانی کوردستانیش نوێنەریان ھەیە، کەچی لە لایەن ھەندێ ھێزی عێراقییەوە بۆ مەرامی خۆیان بە ئاشکرا دژایەتیی پێکھاتەی ئەرمەن دەکرێت."

دەربارەی ناکۆکیی کورد و سوننە لەگەڵ شیعە، دکتۆر تارق گەردی گوتی: "کورد و سوننە زیاتر لەگەڵ ئەوەدا بوون ھەڵبژاردن بۆ ماوەی شەش مانگ، یان ساڵێک دوا بخرێن، کوتلە سوننەکانیش پڕۆژەیەکیان لەم بارەیەوە ئامادە کردبوو، بەڵام شیعە ڕژدبوون لەسەر ئەوەی دەبێ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو داوایەش مەرامی خۆیان ھەیە لە ھەڵبژاردندا."

ھەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لەگەل خۆلی پێشوو جیاوازیی ھەیە لەوەی چەندین ھاوپەیمانیی نوێ پێک ھاتوون و ئەم جارە لە نێو شەقامی شیعە ڕکابەریی زۆر ھەیە لەسەر ئەوەی کێ ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار