فراكسیۆنى پارتی، دۆخی عه‌فرین ده‌باته په‌رله‌مانى كوردستان

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتی دیمو‌كراتى كوردستان له په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێت، فراكسیۆنه‌كه‌یان له په‌ڕله‌مانى كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه یادداشتێكیان له‌باره‌ى ڕه‌وشى شارى عه‌فرینه‌وه داوه به سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان و تێیدا چه‌ند داواكارییه‌كى خستووه‌ته‌ڕوو.
وه‌ك ئومێد خۆشناو ده‌ڵێ، داوایان كردووه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕه‌وشى شارى عه‌فرین و لێكه‌وته‌كانى ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌و به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى گوت "هه‌ر له یاداشته‌كه‌دا داوامان كردووه لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌ڕله‌مانى كوردستانیش ڕاسپێردرێن و لاى خۆیان هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ڕه‌وشى عه‌فرین بكه‌ن، له رووى ئه‌و هێرشانه‌ى ده‌كرێنه سه‌رى و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارى پێشێلكارییه‌كانى مافى مرۆڤ له‌و ناوچانه بكه‌ن و، راپۆرتێك تایبه‌ت به‌و دۆخه ئاماده بكرێت."
سه‌رله‌به‌یانیی رۆژى هه‌ینی 19-1-2018، زریپۆش و تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا سنووری شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستانیان بۆردوومان كرد و تا ئێستایش بۆردوومانكردن به‌رده‌وامه.
به هۆی ئه‌و هێرشه‌وه، ده‌یان كه‌سی سڤیل بوونه‌ته قوربانی.
نه‌شوان به‌رزنجى




