ئاکرەیی: ئێران بەڵێنی دا هاوکاریی هەولێر و بەغدا بکات
__2018_01_22_h16m39s58__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، سەردانی شاندی ھەرێم بۆ ئێران زۆر گرنگ بوو، توانرا پەیوەندیی نێوان ھەردوولا ئاسایی بکرێتەوە و ئەوان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە کە نێوەندگێری لە نێوان ھەرێم و بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکان بەپێی دەستوور چارە بکرێن.
شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پێک ھاتبوو لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی و گوتەبێژی حکوومەت، سەفین دزەیی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم، فوئاد حوسێن و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی سەردانی ئێرانیان کرد و چەندین دیدار و کۆبوونەوەشیان ئەنجام دا.
لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر یەکەم سەردانە و سەردانەکەش لەسەر داوای ئێران بووە و پێشوازییەکی زۆر گەرم لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لەو شاندە کراوە، کە گرنگترین دیداریش لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران بووە، کە پێشوازییەکی گەرمی لە ئێمە کرد و باس لە ھەموو پرسەکانیش کرا و باسیان لەوە کرد، ئێمە گرنگیی زۆر بەوە دەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باش بێت و داواکار بوون ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت و ئامادەن ھاوکاریی ھەرێم بکەن، لە ڕووی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش بۆ پێش دوو ساڵ بگەڕێتەوە."
لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش گوتی: "ئێران دەیەوێت نێوەندگێری لە نێوان ھەرێم و بەغدا بکات بۆ ئەوەی بە پێی دەستوور کێشەکان چارە بکرێن و کۆتایی بەو کێشانە بێت و جگە لەوەش، دەیەوێت سنوورەکانی نێوان ھەرێم و ئێران پارێزراو بن و کەس سوودی لێ وەرنەگرێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەکی بەھێز بکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕوونیشی کردەوە: "سیاسەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی حەکیمانە و دیپلۆماسیانەیە و سیاسەتێکە بەردەوام دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باش بێت و نامانەوێت دەست لە کاروباری وڵاتان وەردەین ودەمانەوێت پەیوەندیی بەھێزمان لەگەڵ ھەموان ھەبێت، بۆیە ئەوانیش لەو سیاسەتەی ھەرێم گەیشتوون و پێیان خۆشە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە بەردەوام بێت."
ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا پەیوەندیی ئێمە و ئێران ئاسایی بووەتەوە و ھەرکێشەیەکیش مابێت لە ماوەیەکی کورتدا چارە دەکرێت."
لەبارەی ئەو بەڵێنانەی ئێران بە ھەرێمی داوە، ئەو گوتی: "بە حوکمی ئەوەی ئێران پەیوەندیی لەگەڵ ھەموو لایەنە عێراقییەکان، بەتایبەت شیعە بەھێزە، بۆیە بەڵێنیان بە ئێمە دا، پارێزگاری لە پێوەندیی نێوان شیعە و کورد بکەن و ھاوکاریش دەبن بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە پێی دەستوور چارە بکرێن."
بڵند ئیبراھیم




