٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان، سەردانی شاندی حکوومەت بۆ ئێران بە گرینگ ناو دەبەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و تاران، دۆخێکی نوێی لە ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە و، چاودێران لەسەر ئەو باوەڕەن، کە نیگەرانییەکان لەسەر خراپبوونی رەوشی ناوچەکە دەڕەوێنەوە.


سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا گرێکوێرەی بودجەی عێراقیش دەکاتەوە

نیوه‌ڕۆی شه‌ممه‌ 20/1/2017، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ریی شاندێك كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشتنه‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراقی فیدراڵ و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كۆ بوونه‌وه‌، هه‌ردوولا هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر‌ دواپێشوه‌چوونه‌كانی گفتوگۆكانی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕگه‌كانی هه‌رێم كرد و به‌رده‌وامیی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و دیدارانه‌یان به‌ مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕگه‌كان‌، دووپات كرده‌وه‌‌.

چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا کۆتایی بەو دەنگۆیانەش هێنا کە باسیان لە شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد لە بەرانبەر بەغدا و هەوڵەکان بۆ ئەوەی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان مامەڵە بکات.
ئێستا لە بەغداوە ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکات بۆ کۆتاییهاتن بە گرفت و کێشەکان، بۆیە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنگدانەوەی میدیا عەرەبییەکانی بە دوای خۆیدا هێنا، لە کوردستانیش بۆچوونی حزب و لایەنە سیاسییەکان وایە کە ئەم سەردانانە کۆتایی بە گرفت و کێشەکان دەهێنێت.

سوهراب میکائیل نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەوە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا دەژیێن، دەوڵەتانی دراوسێ و جیهانیش جەخت لە یەکپارچەیی عێراق دەکەنەوە، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەک بە ئاراستەی چارەسەری گرفتەکان دۆخی ناوچەکە دەگۆڕێت، ئەگەر هەموو لایەنەکان بەشدار بن لەو گفتوگۆیانە و سیاسەتێکی ڕوون هەبێت، ئەوا کار دەکاتە سەر ئاراستەی گشتیی شەقامی عێراق و کوردستانیش، هەرچەندە هەنگاوەکان کەمێک دواکەوتن، بەڵام بەرژەوەندی لەوەدابوو کە پێکەوە گفتوگۆ بکەن".

لە میدیا عێراقییەکانەوە باس لەوە کراوە کە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەشێکی باشی بۆ گفتوگۆی دابێ رەخساندووە، کە وا بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی تەکنیکی لە کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی لەسەر وردبینیی مووچەی فەرمانبەران و پرسی بەشەبودجەی کوردستان گفتوگۆ بکەن، ئەم سەردانە رێگای ئاسان بۆ شاندەکە دەکاتەوە، کە لەگەڵ بەغدا لەسەر کۆمەڵێک پرس بگەنە رێککەوتن.
شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن، کە رەنگە بەهۆی ئەم سەردانەوە رێککەوتنی نوێ لەسەر بودجەی ٢٠١٨ عێراق لەنێوان هەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە، چونکە کورد ئامادە نییە دەنگ بدات بە رەشنووسی پڕۆژەبودجەی ٢٠١٨ی عێراق، لەبەر ئەوەی مافەکانی کوردستان لەو بودجەیە لە بەرچاو نەگیراوە، ماجید بازرگان نوێنەری تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەوە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەلێت: "ئێمە ئەو سەردانانە بە ئەرێنی دەبینین، هەنگاوێکی باشە. هەوڵ دەدەین لەوێوە گرفتەکان بخرێنەڕوو، لەوانە پرسی بودجە و پرسی فرۆکەخانەکانی کوردستان کە دەتوانرێت لەوێوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بخرێتەڕوو، لەوەش دەچێت لەم سەردانەدا چارەسەری ئەو پرسانە بکرێت، چونکە کاریگەریی خراپی لەسەر حکوومەتی عێراق و ولاتانی دراوسێیش هەیە".

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران دووبارە پرسی کوردی خستەوە بەرباس
دوای سەردانی بۆ بەغدا، دواتر لە هەمان ڕۆژ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ کرا، دواتر لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامییش کۆ بوویەوە.

سوهراب میکائیل پەرلەمانتاری یەکگرتوو لەبارەی گرینگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران دەڵێت: "لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێیە پارێزگاری لە کوردستان بکەن، بەتایبەت ئێران کە رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە عێراقدا، رەقەم یەکەمە لە کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ لەسەر عێراق، دواتر هەر گوتارێکی نەرم لەکاتی دروستبوونی گرفتدا لەلایەن هەموو لایەنێکەوە قبووڵکراوترە، بۆیە گرینگ بوو ئەو گوتارەی کوردستان لەم کاتەدا توانی ئاراستەکان لە چوارچێوەیەک کۆ بکاتەوە".

میکایل باوەڕی وایە، ئەگەر کوردستان لەگەڵ ئێران رێککەوتن نەکات، ئەوا ڕەنگە ئەو گرفتانەی هەنە قەت چارەسەر نەبن، "گرینگە کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ بەغدایش رێککەوێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و تورکیا بکات."

هاوکات ماجید بازرگان لەوبارەوە گوتی: "چوونی شاندی هەرێم لە یەک ڕۆژدا بۆ بەغدا و تاران، دەرخەری ئەوەیە کە ئێران رۆڵی بەهێزی لە عێراق هەیە و ڕۆڵی راستەخۆی لە عێراقدا هەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەبێت لە رێگای تارانەوە لە سیاسەتی عێراق بخوێنرێتەوە".

کارزان سەباح هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار