نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی لاریجانی فراوانكردنی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدایان دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی لاریجانی جەختان لە برەودان بە په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌موو بواره‌كاندا کردەوە، به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا پێشوه‌چوونی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ببینن.
له چوار‌چێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه 21/1/،2018 شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه پێشوازی كرا.
له دیدارێكدا لاریجانی دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و ئێرانی دووپات كرده‌وه و نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداو و بارگرژیانه ده‌ربڕی كه له‌م دواییانه‌دا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هاتنه ئاراوه، هه‌روه‌ها هیوای خواست ته‌واوی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ به ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق دابین بكرێن، پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه ده‌ربڕی كه به‌م دواییانه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستی پێكردووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه كرد و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ی دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا پێشوه‌چوونی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ببینن.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای داكۆكی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه دووقۆڵی و مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆستایه‌تیی نێوانیان، دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه فاكته‌ری سه‌قامگیری بووه له ناوچه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌ر وایش ده‌مێنێته‌وه.
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم ئاماژه‌ی به هه‌وڵه به‌رده‌وام و جیددییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا كرد به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی له فراوانكردن و سه‌رخستنی گفتوگۆكان به‌پێویست زانی.




