بێ هەولێر، بەغدا ناتوانێ کار لە کێڵگە نەوتییەکانی ئاڤانا و بای حەسەندا بکات

هەولێر-KDP.info- کۆمپانیا نەوتییەکان خۆیان ڕێک خستووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیایانە چاویان لە کەرکووک بڕیوە و ئەمەش وایکردووە پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو "باشی" بچێتەوە.
چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەتایبەت کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت، یەک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدایە، کە تا ئێستایش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرا و دواجار لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، سوپای عێراق بە هاوکاریی حەشدی شەعبی لەشکرکێشیی بۆ سەر ئەو ناوچانە کرد و ئێستا "داگیر" کراون".
دوای ئەو ڕووداوانە، پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی پچڕا. بەغدا لە زەوی و ئاسمانەوە گەمارۆی خستە سەر هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی.
ڕێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغدا
دۆخی ناوخۆیی عێراق و گوشارە نێودەوڵەتییەکان، دوای نزیکەی سێ مانگ، بەغدای هێنایە سەر خەتی دانوستان لەگەڵ هەولێر.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەند شاندێکی ئەو دوو حکوومەتە لەسەر ئاستی وەزارەت، کۆ بوونەوە و بەرپرسانی بەغدا و هەولێر ئەنجامەکانیان بە "ئەرێنی" ناو هێناوە.
بێوار خەنسی ڕاوێژکاری ئابوورییی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، جەخت لە "لێکتێگەیشتن"ی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کاری هاوبەش لە بواری نەوت دەکاتەوە، بەتایبەت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکدا.
ئەو ڕاوێژکارە پێی وایە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتدارێتیی جیۆگرافیایی داعش و باشبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان ئەو دوو حکوومەتە بەڕێوە چوو، کە یەک لە تەوەرکان، پرسی نەوت بووە.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، دەڵێت، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دەستنیشانکردنی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو بودجە و بەشی سووتەمەنی.
بە گوتەی ئامانج ڕەحیم، "هەردوولا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبووە لەسەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە. بڕیار درا شاندی حکوومەتی فیدراڵی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرز بکاتەوە".
ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم
بڕینی بوودجەی کوردستان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە، لە چوار ساڵ نزیک بووەتەوە. حکوومەتی عێراق مانگی شوباتی ٢٠١٤ ئەو بڕیارەی دەرکرد و دواتر لە ڕۆژی ٢٢ی مانگی ئایاری هەمان ساڵدا، حکوومەتی ههرێمی كوردستان بڕیارى بهرههمهێنان و فرۆشتنی نهوتى دا به مهبهستى دابینكردنى مووچهى فهرمانبهرانى و پڕكردنهوهى ئهو بۆشاییه داراییهى ههرێم تووشی بووە.
ئەو بڕیارە بەپێی بڕگهى دووهمى ماددهى 6ى یاساى پهرلهمان، ژماره 5ى ساڵى 2013، تایبهت به دهستنیشانكردن و وهدهستهێنانى شایسته داراییهكانى له داهاتى فیدراڵى، له ههرێمى كوردستان درا.
لەو بڕگە یاساییەدا هاتووە، "حكوومهتى ههرێم بۆى ههیه ڕێكاره گونجاوهكان بگرێتهبهر بهپێى ئهحكامى ئهم یاسایه به مهبهستى وهدهستهێنانى مافه داراییهكانى، لهوانهش بهرههمهێنان و ههناردهكردنى نهوتى خاو و گاز به مهبهستى دابینكردنى سهرجهم ئهو شایستانهى كه حكوومهتى فیدراڵى دابینى ناكات، پێش ئهوهى ئهم یاسایه بچێته وارى جێبهجێكردن، یان دواى ئهوهی پهرلهمان لهو كرداره ئاگادار بكرێتهوه."
حکوومەتی بەغدا سەرەڕای ئەوەی گلەیی لە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لەسەر داوای خۆی ئامادەیی دەربڕی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات.
حکوومەتی ههرێم لە کیڵگە نەوتییەکانی ئاڤانا و بای حەسەن کاری دەکرد و ڕۆژانە ٢٥٠ تا ٣٠٠ هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد. دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، سوپای عێراق دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت و تا ئێستاش کارەکانیان ڕاوەستاوە.
ڕێککەوتنی نێودەوڵەوتی
شەقامی کوردی و بەشێکی لە سیاسییەکانی، لەو ڕووداوانەدا پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی حکوومەتی بەریتانیا کرد و جەختیان دەکردەوە، کە بەغدا بە پاڵپشتیی لەندەن توانیویەتی ئەو کارە بکات.
کاتێک چەند ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوانە کۆمپانیای "بی پی"ـی بەریتانیایی ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک نیشان دا، شەقامی کوردی لەسەر بۆچوونی خۆیان و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و لەندەن سوورتر بوون.
ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە داوای کردووە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، هاوکاریی کۆمپانیای باکوور بکات.
بێوار خەنسی جەخت دەکاتەوە، کە کۆمپانیای نەوتی باکوور ناتوانێ بەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لە کێڵگە نەوتییەکانی ئاڤانا و بای حەسەن بکات.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئابووری، خاڵی سەرەکییە لە هەموو دانوستانەکان، ڕێککەوتن دەکرێ و هەموو کۆمپانیاکان لە کوردستان بەردەوامیی بە کارەکانیان دەدەن."
ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمی دیپلۆماسیی بەریتانیا لەگەڵ حکوومەت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆ بووەتەوە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایش پێوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی ههرێمی كوردستان و عێراقهوه کردووە و جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردووەتەوە.
کاوە جەم




