٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی بەغدا بە سەدان ملیۆن دۆلاری کەرکووکییەکانی خواردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی باڵای پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات، کە حکوومەتی بەغدا تەنیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، سەدان ملیۆن دۆلاری کەرکوووکییەکانی خواردووە و دەرپرسێ "ئەگەر ئەمە گەندەڵی نییە، چییە؟"

محەممەد کەمال سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەخت دەکاتەوە، هیچ کاتێک حکوومەتی بەغدا بۆ دەستەڵاتی خۆجێی پارێزگاکەیان نەگەڕاوەتەوە و "کەرکووک بە تەواوی بێبەش کراوە."
محەممەد کەمال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە حکوومەتی بەغدا نزیک بە دوو ملیار دۆلاری کەرکووکییەکانی لە پارەی پەترۆل دۆلار خواردووە و تا ئێستاش ئەو پارەیەی خەرج نەکردووە."

بەپێی دەستووری عێراق، ئەو پارێزگایانەی خاوەن نەوتن، دەبێ بوودجەیەکیان بە ناوی پەترۆل دۆلار بۆ تەرخان بکرێت.
حکوومەتی بەغدا و هەولێر هەر کامەیان بە جیا لە کیڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کاریان کردووە. دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لەشکرکێشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ کەرکووک و دەورووبەری، کارەکانی حکوومەتی هەرێم لەو پارێزگایە راگیرا.
کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حکوومەتی بەغداوە کاری دەکرد و رۆژانە ١٤٠ بۆ ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەردەهێنا، بەڵام ئێستا لە نێوان ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدایە.

بەپێی قسەکانی محەممەد کەمال، پێچەوانەی حکوومەتی بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بووە و مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت بۆ ئیدارەی کەرکووک تەرخان کردووە.
ئەو دەڵێ، "حکوومەتی هەرێم پابەندی رێککەوتنەکەی بووە، بەڵام بەغدا یەک دۆلاریشی لە پارەی فرۆشتنی نەوت بۆ کەرکووک تەرخان نەکردووە. کۆمپانیای سۆمۆ داهاتەکانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرا نەکردووە و هچ شەفاف نەبووە."

نەوت و کەرکووک کە بەشێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوەیی لە نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێردا ماونەتەوە.

کاوە جەم 

هەواڵی پەیوەندیدار