٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لەبارەی بوودجەوە دەكەن"

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێ، ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2018 بەڕێوە دەچێ و، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن.

لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە پەرلەمانتاران لە كارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە ئاگادار كرانەوە كە گفتوگۆكردن سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجە دەبێت.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ‌بەڕێوە بچێت و لە یەكێك لە بڕگەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەیشدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2018 هەیە، بۆیە وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیارمان داوە بەشداری ‌ نەكەین و بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەین".

لەگەڵ گەییشتنی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2018ـی عێراق بە فەرمی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و كەمكردنەوەی پشكی كورد لە 17 لە سەدەوە بۆ 12.67 لە سەد، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان داواكارییەكی 9 خاڵییان ڕاگەیاند، لەو بارەیەوە ئیسلام ئاماژەی دا، "وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان تا ئێستایش یەكهەڵوێستین و تا مافە دەستوورییەكانی كورد جێبەجێ نەكرێن، ئامادە نین دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە بدەین بەو شێوەیەی هاتووە، چونكە ئەو داواكارییە 9 خاڵییەی هەمانە، جێبەجێ نەكراوە".

وەك ئەو پەرلەمانتارە كوردە گوتی، "بە تەنیا ئێمەی كورد نین دانیشتنەكە بایكۆت دەكەین، بەڵكوو سوننەكان و پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی بەسڕا و پارێزگاكانی دیكەیش كە نەوتیان هەیە، بە هەمان شێوە ئەوانیش لە دانیشتنەكانی پێشوودا بەشدار نەبوون و داواكارییان هەیە، بە ڕای من ئەمڕۆیش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبن، چونكە داواكارییەكانی ئەوانیش جێبەجێ نەكراون".

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار