"داعش کریستیانە ڕفێندراوەکانی بردووە بۆ سووریا"
__2018_01_15_h15m17s39__ER.jpg)
دەشتی نەینەوا-KDP.info- بەپێی گوتەی سەرۆکی ڕێکخراوی شلومای جیھانی کە تایبەتە بە کریستیانەکان و بارەگای لە دەشتی نەینەوایە، ھێشتا پێشێلکاری بەرامبەر کریستیانەکان بەردەوامە و دەشڵێ، ژمارەیەک ھاووڵاتی ڕفێندراوی کریستیان لای داعش ماون و ئازاد نەکراون.
خالس ئیشو، سەرۆکی ڕێکخراوی شلومای جیھانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای ھاتنی گرووپی تیرۆرستیی داعش کریستیان و پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا تووشی کارەساتی مرۆیی ھاتن و ھیچ نەما بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی ئێمە لە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نەکرێت، بەو ھۆیەوە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، لە سێ ساڵی ڕابردوودا تاوانێکی زۆر بەرامبەر بە کریستیانەکان ئەنجام دراون."
نوێنەرێکی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش لە دەشتی نەینەوا، بە ھۆی داگیرکارییەوە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیش ھەمان شێوە و ھەمان ڕەفتاری داعش لەگەڵ کریستیانەکان دەکەن و لەم بارەیەوە وەحیدە یاقوو دەڵێ: "ڕاستە داعش نەماوە لە ناوچەکە، بەڵام ئەوانەی دوای داعش ھاتوون، بەتایبەتی حەشدی شەعبی ھەمان ڕەفتاری داعش دەکەن و ژمارەیەکی زۆری کریستیان ئاوارە بوونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی ئاوارە ناتوانن بە ھۆی داگیرکاریی حەشدەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
خالس کە پێشتر نوێنەری کریستیانەکان بوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەگەڵ ھاتنی تیرۆریستانی داعش ٢٥٥ ھاووڵاتیی کریستیان ڕفێندران و دواتر توانیمان زۆربەیان ڕزگار بکەین و بەداخەوە تا ئێستا ٧٥ ھاووڵاتیی کریستیان لە لای داعش ماون و ڕزگار نەکراون، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵەکان بۆ ئازادکردنیان بەردەوامن."
لەبارەی ڕفێندراوە کریستیانەکان، نوێنەرەکەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەک لەو ھاووڵاتییە ڕفێندراوانەی کریستیان کە لای تیرۆرستانی داعش بوون، ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی دیکە ھێشتا ماون و داعش لەگەڵ خۆی بردوونی بۆ وڵاتی سووریا، ئەوانەیشی ئازاد کراون بە ھۆی کلتوور و بابەتی کۆمەڵایەتیەوە لە ڕاگەیاندن زۆر باس نەکراوە، تەنانەت خۆمان دوای ئازادکردنیان زانیومانە کێ ئازاد کراوە و کێ ماوە لەبن دەستی داعش."
خالس ئیشو زیاتر گوتی: "ئەو کریستیانانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر و بە کۆیلە کراون، بەداخەوە دوای ئەو ھەموو کارەساتەی داعش ھێشتا بە ھۆی داگیرکاریی ھێزە عێراقییەکانەوە، ناوچە کریستیاننشینەکان ئارامییان بە خۆوە نەبینیوە و خەڵکی ئێمە ئاوارە و دەربەدەرە."
قائید میرۆ




