عەلی كەریم: حەشد رێگری لە كاری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات

هەولێر-KDP.info- چالاكوانێكی مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان رێگری لە كاركردنی رێكخراوە بیانییەكان و مافی مرۆڤ دەكەن و دەڵێ، بە ھۆی مەترسیی حەشدەوە ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
عەلی كەریم، چالاكوانی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافی مرۆڤ ھاتوونەتە عێراق بۆ كاركردن لەسەر مافی مرۆڤ و، پێویستە عێراق پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت بۆ پاراستنی ئەو رێكخراوانە و رێگرییان لێ نەكرێت لە كاتی كاركردندا، بەڵام بە داخەوە لە ھەندێ ناوچە كە میلیشیاتی حەشدی شەعبی تێدایە، رێگری كراوە لە كاركردنی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و، پێویستە حكوومەتی عێراق ھەڵوێستی ھەبێت لەسەر ئەو رێگریانە، چونكە رێكخراوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە ھەندێ ناوچەی عێراق و لەلایەن ئەو گرووپانەوە، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دراون".
لیز ترۆسێل، گوتەبێژی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، مانگی رابردوو لە جنێف راگەیاندبوو، زۆرێك لە دانیشتووانی شارۆچكەی خورماتوو ئاوارە بوونە لە ترسی ئەوەی تۆڵەیان لێ بكرێتەوە و، داوایشی لە حكوومەتی عێراق كردبوو لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەس و تاقمانەدا بكات كە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان مافی مرۆڤیان پێشێل كردووە و، بدرێنە دادگا.
ئەو چالاكوانەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "بەپێی زانیاریی ئێمە، زۆرێك لە ئاوارەكان لەبەر مەترسیی حەشدی شەعبی و گرووپە توندڕۆكان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و، ناوچەكانیش دابەش بوونە بەسەر ناوچەی عەرەبی سوننە و ناوچەی كوردنشین، ھەرچی ناوچەی عەرەبە سوننەكانە بە بیانووی دەركردنی داعشەوە میلیشیای حەشدی شەعبی تێدا جێگیر كراوە و ھەڕەشە لە خەڵكی سڤیل دەكات، لە ناوچەی كوردستانییش بە تایبەتی لە شارۆچكەی خورماتوو ھێزیان بڵاوە پێ كردووە بۆ تۆقاندنی هاووڵاتیانی كورد".
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ٢٤٠٠ خانووی ھاووڵاتیانی كورد تاڵان كراون و نزیكەی نیوەی خانووەكانیش تەقێندراونەتەوە، هەروەها ٢٠٥ دووكان و ژمارەیەك مۆڵ و شوێنی بازرگانی یان سووتێندراون و خاپوور كراون، یانیش تاڵان كراون، ئەمە جگە لەوەی كە دەیان ھەزار كەس لە خورماتوو و كەركووك و دەشتی نەینەوا ئاوارە بوونە و ١٢ بارەگای حزبی و شەش ئۆفێسی كەناڵەكانی راگەیاندن سووتێندراون.
عەلی كەریم روونی كردەوە، "ھەموو ئەو پێشێلكاریانە ئەوەمان پێشان دەدات، كە پێویستە ئەو میلیشیایانە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە سنوورێكیان بۆ دابندرێت و لە چوارچێوەی یاسادا رێك بخرێن، تا پابەندی یاسا و بنەماكانی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بن، چونكە تا بەو شێوە ھەڕەمەكییە رەفتار بكەن، زیاتر مەترسی بۆ سەر گیانی ھاووڵاتیانی سڤیل دروست دەبێت".
قائید میرۆ




