باڵیۆزی بەریتانیا: بەریتانیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بە بایەخەوە دەڕوانێتە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدادا و، پێویستیشە كۆبوونەوەی راستەوخۆ لەو بارەیەوە هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و مارتن وار، كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمیان كرد و، لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم كۆ بوونەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، باسی ئامانجی سەردانەكەی كرد و رایگەیاند، "لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر، پێمان راگەیاندوون كە بەریتانیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا و، پێویستە كۆبوونەوەی راستەوخۆ هەبێت و ئەو كۆبوونەوانەی ئێستایش دەكرێن، بەردەوامییان هەبێت".
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئاماژەیشی دا كە، بەریتانیا پێداگری دەكات لەوەی مافە دەستوورییەكانی هەموو لایەك دابین بكرێن و دەستكاریی پڕِۆژەیاسای بوودجەی عێراق بكرێت.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم، سوپاسی ئەو نێوەندگیرییەی بەریتانیای كرد و رایگەیاند، "پێویستە بەریتانیا رۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی هەولێر و بەغدا و، ئێمە وەك حكوومەتی هەرێم ئامادەین كە داواكارییەكانی بەغدا سەبارەت بە وردبینی لە لیستی مووچەخۆران و چاودێریكردنی خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان جێبەجێ بكەین".
وەزیری دارایی گوتیشی، "لە ئێستادا پڕۆژەیەكی چاكسازیمان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە تایبەت بە رێكسختنەوەی مووچەی خانەنیشن و دەرماڵە كە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە مانگانە 150 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە و، ئەمەیش كاریگەریی لەسەر پێدانی مووچە دەبێت".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونی كردەوە، كۆمپانیای دیلۆت راپۆرتێكی ئامادە كردووە و، ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك چاكسازی لە كەرتی نەوت و داراییدا بكرێت".




