حكوومەتی هەرێم وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

هەولێر-KDP.info- كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیێنێت، ئەو دەستگیركراوانەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەكات، لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
كۆمیتەكە ئاماژەی داوە، رۆژی 21/12/2017 ڕێكخراوی Human Rights Watchلە راپۆرتێكیدا بە ناوی (هەرێمی كوردستانی عێراق شاردنەوەی 350 بەندكراو)، باس لە ژمارەیەك لەو كەسانە دەكات كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لە زیندانە فەرمی و نافەرمییەكانی دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێم دەستگیر كرابوون لە شاری كەركووك، بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان، چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها باس لەوەیش دەكات كە خانەوادەكانیان داوای دیاریكردنی چارەنووسی كەسوكاریان دەكەن.
كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە بەیاننامەكەیدا وەڵامی راپۆرتی رێكخراوی ناوبراوی داوەتەوە و تێیدا هاتووە، "تا رۆژی 16/10/2017 هیچ بەندكراوێك لە لای ئێمە لە ئاساییشی كەركووك دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچكەی دبس زیندانێكی كاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە كە پێش پڕۆسەی رزگاركردنی حەویجە دەهاتنە دبس و بەشێكیان كە ئەندامی داعش بوون یان هاوكاریی داعشیان كردووە، خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرد و هەموو دەستگیركراوەكان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس بوو. دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاساییشی هەولێر و ئاساییشی گشتی، چونكە هیچ گرتووخانەیەك لە كەركووك نەبووە و لایەنە ئەمنییەكانی كەركووك ئەركیان تەنیا هاریكاریكردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەكە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەكانی میحوەری كەركووك جێبەجێ كرا و هێزەكانی ئاساییش و دژەتیرۆر بەرپرسیارەتیی پرۆسەی گواستنەوەكەیان لە ئەستۆ گرت".
كۆمیتەی ناوبراو هەروەها ئاماژەی داوە كە، لە دوای شەڕی داعش لایەنە ئەمنییەكان چەند رێوشوێنێكی تایبەت دەگرنە بەر لە كاتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی گومانی پەیوەندیكردنیان بە داعشەوە لێ دەكرێت و ئەوانەی كە دەستگیر دەكرێن هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردن و بوونی پارێزەر هەروەها كەسوكاریشیان لە دەستگیركردنیان ئاگادار دەكرێنەوە. لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەكانی هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی ئەمنی تەنیا پیاوەكان دەپشكنرێن، بەڵام ئافرەت ناپشكنرێن بەهۆی رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵكەكە و، ئەو پشكنینەیش زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە نێویاندا كە دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی.
ڕوونیشی كردووەتەوەكە، "زۆر جار لە كاتی روودانی شەڕدا هەندێك كەس دەستگیر كراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە ئەوانەی كە بێتاوانن ئازاد دەكرێن و ئەوانەی كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بەپێی ماددە (٤)ـی یاسای دژەتیرۆر كە پێشتر كاری پێ دەكرا، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرا بۆ ماوەی (24) سەعات و دواتر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی ناوچەكە دەكران. ئەگەر دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتبا كە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت دەكرا و هەموو مافێكیان هەبوو و كەسوكاریشیان لە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتەی كە لەسەر دەستگیركراوەكانە ئاگادار دەكرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەكی دروستیان لەسەر نەبێت، ئەوا ئازاد دەكران".
كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هەروەها دەڵێ، "شێوازی دەستگیركردنی ئەو (350) كەسەی كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەكات، جیاواز بوو، چونكە بە تۆمەت دەستگیر نەكراون واتە تۆمەتیان ئاڕاستە نەكراوە و دەزگا ئەمنییەكانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵكوو لە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە و لە كاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە و ددانیان بەوەدا نابوو كە سەر بە داعشن و لە خێزانەكانیان دابڕابوون، چونكە ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەكردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا خێزانەكانیان گواستراونەوە بۆ كەمپەكانی جعێدە یان جدعە كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەكانیان لە دەستبەسەركردنیان ئاگادار بكرێنەوە. پێویستە ئاماژە بەوەیش بكەین كە لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە (٣)ـی ساڵی 2006 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە، پێڕۆ دەكرا، ئەو یاسایە تا 16/7/2016 كاری پێ كرا، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی لە كاری تیرۆریستییەوە تێوە گلاون كار بە یاسای ژمارە (٢١)ـی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموار كراو دەكرێت".
كۆمیتەكە زیاتر روونی كردووەتەوە كە، "لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان، لایەنە ئەمنییەكان بە سەدان كەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر كردووە و، دواتریش دادگاییكراون بەپێی یاسا كارپێكراوەكان لە هەرێمی كوردستان".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە كەركووك دەستگیر كراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركووك لە سەرەتای شەڕی تیرۆرەوە دەستگیركراون، ئاماژەی داوە كە ئامارەكان بەم شێوەیە بووە:
لە ساڵی (2014) ئەو كەسانەی دەستگیر كراون، ژمارەیان (115) كەس بووە.
لە ساڵی (2015) ئەو كەسانەی دەستگیر كراون ژمارەیان (182) كەس بووە.
لە ساڵی (2016) ئەو كەسانەی دەستگیر كراون ژمارەیان (83) كەس بووە.
لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2017): ئەو كەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (19) دەستگیركراو بوون.
ئەو كەسانەیش كە تاوەكوو ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان بەم شێوەیەیە:
لە ساڵی (2014) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (33) كەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (78) كەس بوون.
لە ساڵی (2016) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (20) كەس بوون.
لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2017) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (شەش) كەسن.
ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە:
لە ساڵی (2014) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) كەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (23) كەس بوون.
لە ساڵی (2016) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) كەس بوون.
لە شەش مانگی یەكەم ساڵی (2017) هیچ كەسێك سزای بۆ دەرنەچووە، بەڵام (36) كەس سزاكانیان تەمیز كراوەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەكرێن و رادەستكردنیان بە حكوومەتی فیدراڵی، بەیاننامەكە دەڵێ، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بكات سەبارەت بە رادەستكردنەوەی دەستگیركراوانی داعش و، لەم رووەوە لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بە تایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و یۆنامی، هەماهەنگی بەردەوامە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو كەسانەی كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون و سزا دراون و، لەم رووەوە كۆبوونەوەكان بە شێوەیەكی خولی بەردەوامن، بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەتی فیدڕاڵی بە شێوەیەكی فەرمی رێكارە یاساییەكانی نەگرتووەتە بەر بۆ رادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی كە بە تۆمەتی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون بۆ حكوومەتی فیدڕاڵ".




