كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كەركووك بۆ سبەی دوا خرا

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی ڕایگەیاند، ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیار بوو ئەمڕۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كەركووك بكرێت لەبارەی بەشداریكردنی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكاندا، بۆ سبەی دوا خرا.
دوێنێ گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان عەدنان كەركووكی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە قەرەھەنجیر كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كەركووك لەبارەی بەشداریكردنی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەنجام بدرێت.
لەو بارەیەوە، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان دكتۆر محەممەد خورشید، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەكانی كەركووك لەبارەی دۆخی كەركووك و بەشداریكردنی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە یەك لیست لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق كۆ ببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی سێشەممە دوا خرا.
لەبارەی ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكەیش، دكتۆر محەممەد گوتی، "ھۆكارەكان زۆرن و زیاتر پەیوەندیی بە خۆمانەوە ھەیە، بۆیە ئەگەر ھیچ حاڵەتێك نیەتە پێشەوە، سبەی كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدرێت".
بڵند ئیبراھیم




