"ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخش تاوانەکانی خورماتوو دەبەنە دادگای لاھای"
__2018_01_14_h16m37s28__ER.jpg)
خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتی، ئەو ھێزەی حکوومەتی عێراق ھێناویەتی بۆ خورماتوو بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی حەشدی شەعبییە و ھیچ کاریگەریی نابێت، بۆ ئەوەی کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە، ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخشیش ئەو کەیسە دەبەنە دادگای لاھای.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر دوزخورماتوودا گرتووە و ھەموو جۆرە تاوانێکیشی لەو شارەدا دژی کورد ئەنجام داوە، لە کوشتن و تەقاندنەوە و سووتاندنی خانوو وتاڵانکردنی ماڵەکان و ئاوارەکردنی تەواوی کوردەکانی ئەو شارە، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق ھێزێکی سوپای عێراقی ھێناوە بۆ شوێنی حەشدی شەعبی لەو شارە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو، عەقید کاوە مەلاپەروێز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق ھێزێکی بە ناوی بەرپەچدانەوەی خێرا ھێناوە بۆ دووزخورماتوو و ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی، کە لە بەغداوە ھاتبوون، کشاونەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوانەکانی حەشدی پێ بشارێتەوە و کارە قێزەونەکانیان ئاشکرا نەبێت، بەڵام حەشدی تورکمانیی شیعی لە نێو خورماتوو ماون و ئەوان نەکشاونەتەوە و ناشکشێنەوە."
لەبارەی ئەوەی ئەو ھێزە ھیچ کاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی کورد بگەڕێتەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتی: "تا ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە نەگەڕێنەوە بۆ خورماتوو کورد ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە، یان نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان سەرپەرشتیی ھێزەکان بکەن، ئەگەرنا حەشدی شەعبی ھەموو جۆرە کارێکی دژی کورد ئەنجام داوە، لە تەقاندنەوە و سووتاندن و تاڵانکردن و ھەر دوێنێش قایمقامی خورماتوویان لە کارەکەی لاداوە، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت، بەغدا ھەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی کورد بگەڕێتەوە."
کاوە مەلا پەروێز ڕوونی کردەوە: "نەتەوە یەکگرتووەکان ھەندێک بەڵگەیان لەبارەی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دەست کەوتووە و کاری لەسەر دەکەن، چونکە حەشدی شەعبی ھەموو تاوانێکی دژی کورد کردووە."
کاوە مەلا پەروێز گوتیشی: ''جگە لەوەش، ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخش لە وڵاتان بەڵگەی پێویستیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی کەیسی دووزخورماتوو بگەیەننە دادگای لاھای و لەوێ ئەو کەیسە قسەی لەسەر بکرێت، چونکە حکوومەتی عێراق لە ئاست ئەو تاوانەدا بێدەنگە."
ھەر لەم بارەیەوە، شەلال عەبدول، قایمقامی لەسەرکارلادراوی خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ ھێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە بەغداوە گەیشتووەتە قەزای خورماتوو و دەستی کردووە بە پشکنینی شارەکە و ژمارەیەک خاڵی پشکنینی داناوە، ھەندێ ناوچە و گەڕەکی خورماتوو لە یازدە ساڵی ڕابردوو، ھیچ ھێزێک نەیتوانیوە بچێتە ناوی، ھێزەکە چووەتە ئەو ناوچانە و گوێ بە ھیچ کەسێک نادەن و دەستیان بە کارەکانی خۆیان کردووە، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەستی بەسەر ژمارەیەکی ئێکجار زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە و ئەوانەی پێشتر لە دەرەوەی یاسا چەکیان ھەڵگرتبوو، زۆریان دەستگیر کراون."
لەبارەی ئەوەی ئایا چوونی ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بۆ نێو خورماتوو لە بەرژەوەندیی کوردە بۆ گێڕانەوەی ئارامی، قایمقامی پێشووی خورماتوو دەڵێ: "جارێ زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین چی پێیە بۆ کورد، ھێزەکە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و لە بەغداوە ھاتوونەتە قەزاکە و پڕچەک کراون، بەڵام ئەگەر بێت و ھێزەکە یاسا جێبەجێ بکات و ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت، بێگومان لە بەرژوەندیی کوردە، بەپێچەوانەوە ئەویش وەک ھێزەکانی دیکە بێت، ھیچ خێری پێوە نابێت بۆ کورد و ڕۆژانی داھاتوو ئەوە دیاری دەکات."
شەلال عەبدول ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر فەرماندەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تا بنکە و بارەگاکانیان بپشکێندرێن، بەداخەوە سەرکردەکانی حەشد ڕازی نەبوون بەو بڕیارە و ھەر بەو ھۆیەوە شەڕ و کێشە کەوتووەتە نێوانی ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و بەشێک لە و حەشدە تورکمانییەی لە ماوەکانی ڕابردوودا دەستیان لە تاوان دژی کورد و تەقاندنەوەی خانووی کوردا ھەبووە، بزانین ڕۆژانی داھاتوو چی دەکەن بۆ دەرکردنی میلیشیاکانی حەشد لە نێو سەنتەری شارۆچکەی خورماتوودا."
بڵند ئیبراھیم _قاید میرۆ




