"دەنگدەران لە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان کێشەیان بۆ دروست دەبێت"
__2018_01_14_h15m17s13__ER.jpg)
مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان پێی وایە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشە بۆ دەنگدەرانی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی ناوچەکە دروست دەکرێت و ئەگەر ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی نەکرێنەوە، دەنگدەران ناتوانن بە ئازادی دەنگی خۆیان بدەن.
سەعید جەردۆ، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای نەینەوا لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بێت و پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئاسایی نەکرێتەوە، ئەوە کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە دەبێت و دەنگدەری ئەو ناوچانە وەک دەشتی نەینەوا ناتوانن بە ئازادی بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و دەستوەردان دەکرێت لە ھەڵبژاردنەکاندا، چونکە دەنگدەر ناچار دەکرێت دەنگ بە لیست، یان کاندیدێک بدات، کە خۆی نایەوێ دەنگی پێ بدات."
بڕیارە ١٢ی مانگی گوڵانی داھاتوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت و ھەر لە ئێستاوە کێشە بۆ دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییەکان دروست دەکرێت و دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەستکاری دەکرێت لە بەرژەوەندیی ھەندێ ھێزی شیعە و عەرەبی سوننە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی تا بەھاری داھاتوو ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێنەوە و ئیدارەی ھاوبەش دروست بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە، بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی تاکلایەنە زیان بە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان دەگەیەنێ و کورد و پێکھاتەکان وەک پێویست ناتوانن بەشداریی ھەڵبژاردندا بکەن."
سەعید جەردو ڕوونی کردەوە: "گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا کێشە بۆ ھاووڵاتییان دروست دەکەن و ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەچێتەوە دەشتی نەینەوا پڕۆسەی ھەڵبژاردن کێشەی بۆ دروست دەبێت، چونکە ئەوانەی ئێستا لەوێ دەسەڵاتی ئەمنییان بەدەستەوەیە، ڕێگە بە خەڵکی دیکە نادەن بە ئارەزووی خۆیان دەنگ بدەن."
قائید میرۆ




