بەغدا ١١٠ پۆلیسی کوردی لە زوممار دوور خستەوە
__2018_01_13_h17m11s11__ER.jpg)
زوممار-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ڕاگەیاند، بە پێی زانیارییەکانمان، ئێستا حەشدی شەعبی دەیەوێت کورد لە هیچ شوێنێکی ناوچەکە نەمێنێت و تەنیا عەرەب لە جێگایان دابنێن.
وەیس نایف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا لە شنگال و دەوروبەری بەشیعەکردن و بەعەرەبکردنی ناوچەکە دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت هاوشێوەی ڕژێمی پێشوو دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.''
وەیس نایف ئەوەیشی خستەڕوو: ''ئێستا پۆلیسی کورد لە زوممار لادراون و عەرەب لە جێیان دانراوە. لە شنگالیش هەرکەسێک بییەوێ ببێتە پۆلیس، دەبێ خۆلی سەربازی لە پارێزگای کووت لە باشووری عێراق تەواو بکات و زۆر بەربەستیان لەبەردەمی خەڵکدا داناوە.''
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زوممار، کە نەویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، دیموکراتی کوردستانی گوت، : ''ئێستا پۆستە ئیداری و سەربازییەکان بە تەواوی لە دەست شیعەکاندان و لەم دواییانەدا حەشدی شەعبی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و پۆلیسی زوممار لاداوە، کە هەردووکیان کورد بوون و دووکەسی عەرەبیان لە جێگایان داناوە و یەکیان لە عەشیرەتی جبوورە، ١١٠ پۆلیسی کوردیش لە زوممار لادراون و لە جێگایان ١١٠ کەسی شیعەمەزهەب دانراوە.''
هەر لە سەر ئەم پرسە، حەسەن خەلۆ، بەرپرسی لیژنەی پارتیی ناوچەی زوممار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا حەشدی شەعبی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لە زوممار دەکات و پارە لە خەڵک وەردەگرێت و ئاڵای عێراق و مەرجعیەکانی شیعە لەسەر هەموو دامودەزگاکان بەرز کراوەتەوە و نووسینی کوردییان قەدەغە کردووە و پۆلیسی کوردیان لە ناوچەکە نەهێشتووە.''
زوممار، ناوچەیەکی کوردستانی و سنوورییە لە نێوان سووریا و عێراق، کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسە، ئێستا میلیشیای شیعەکان دەستیان بەسەردا گرتووە.
کــــاروان بــــاعەدری




