بەغدا ئامادە نییە ھاوکاریی ئاوارەکانی خورماتوو بکات
__2018_01_10_h14m57s48__ER.jpg)
خورماتوو-KDP.info- ئاوارەکانی خورماتوو لە گەرمیان ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن و بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی گەرمیانیش دەڵێ، نە عێراق و نە ڕێکخراوەکان ئامادە نین ھاوکاریی ئاوارەکانی خورماتوو بکەن.
خەبات ڕەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی نزیکیی سنووری جوگرافیی زۆربەی ئاوارەکانی قەزای خورماتوو دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویان لە دەڤەری گەرمیان کردووە و لە کەلار و کفری و دەوروبەری نیشتەجێ بوون، بەڵام بە ھۆی نەبوونی کەمپەوە زۆرێک لە ئاوارەکان لە خانوودا نیشتەجێ بوونە و تا ئێستا ئامارێکی دەقیق لەبەردەستمان نییە بۆ ئەوەی بزانین ژمارەیان چەندە، چونکە ئاوارەکانی خورماتوو زۆرێکیان ئامادە نین لە نێو کەمپەکاندا نیشتەجێ بن."
پێشتر شاکر یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەھەمبەر ئاوارە کوردەکان و بەغدا بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و حەویجە بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کردبوو، بەڵام ئامادە نییە کەمترین بودجە بۆ ئاوارە کوردەکانی کەرکووک و خورماتوو تەرخان بکات."
لەبارەی ھاوکاریی ئاوارەکانەوە، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لە گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە تا ئێستا ڕەوشی ئاوارەکانی خورماتوو وەک پێویست نییە، لەبەر ئەوەی نە ڕێکخراوە بیانییەکان و نە حکوومەتی عێراق ھاوکارییان ناکەن، تەنانەت وەزیرە کوردەکەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جگە لەوەی لە سەرەتاوە چەند کامیۆنێکی ھاوکاری گەیاندە ئاوارەکان، دواتر پشتگوێ خراون."
خەبات ڕەشید گوتی: "بە ھۆی پشتگوێخستنیان ئاوارەکان لە ژیانێکی سەختدان و ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، کێشەکە لەوەدایە لە ترسی تاوانەکانی حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارانی ئێستا، خەڵکی قەزاکە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
قائید میرۆ




