٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەقین..حکوومەتی عێراق پشتگیریی نیشەجێبوون دەداتە عەرەبە هاوردەکان

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین گوتی، پرۆسەی تەعریبکردن لە سنووری خانەقین بەردەوامە و ئێستا پشتگیریی نیشتەجێبوون بەو عەرەبانە دەدرێت، کە ھاوردە دەکرێن.

دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پرۆسەی تەعریب لە سنووری خانەقین دەستی پێ کردووە و بەردەوام ئەو عەرەبانەی پێشتر بە پێی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو کراونەتەوە، ئێستا جارێکی دیکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکە و مڵک و ماڵی کوردەکان داگیر دەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ڕەفعەت موراد ئاغا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی تەعریب لە سنووری خانەقین بەردەوامە و ئەو عەرەبانەی بە پێی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو کراونەتەوە، دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکان و دەست بەسەر مڵک وماڵی کوردەکاندا دەگرن و کوردەکانیش بە ھۆی ئەوەی دەسەڵاتیان نییە ناتوانن ڕێگرییان لێ بکەن."

ڕەفعەت موراد ئاغا گوتی: "پێشتر حکوومەت پشتگیریی نیشتەجێبوونی نەدەدا بەو خەڵکەی دەگەڕانەوە بۆ تەعریبکردن، بەڵام ئێستا بڕیار دراوە لە دادگاکان پشتگیریی نیشتەجێبوون بدرێتە ئەو عەرەبانەی کە دەگەڕێنەوە."

ئاغا ڕوونیشی کردەوە: ''بەشێک لە عەرەبەکان سەرەڕای ئەوەی حکوومەت داوای لێ کردوون، بگەڕێنەوە، بەڵام ناگەڕێنەوە و باس لەوە دەکەن کە دەزانن ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، بۆیە ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ داگیرکردنی مڵک و ماڵی کوردەکان."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار