٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکات

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتووی پەسەند کرد و نوێنەرێکی کوردیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لیژنەکە نوێنەری کوردیشی تێدا دەبێت و دوای قۆناغی لێکۆڵینەوە سزای بکەرانی دەدرێت.

  خۆشەوی خەلیل، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتووی دەرکردووە و بڕیارە لیژنەکە لە ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەرانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران دروست بکرێت و لێکۆڵینەوە لەو تاوان و خاپوورکارییە بکات، کە لەسەر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکان ئەنجام دراوە. بەڵام ھێشتا ئەندامان دیاری نەکراون، کە ژمارەیەک کوردیش بەشداری دەکەن."

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو لە کەرکووک و خورماتوو و دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکان چەندین تاوانیان دژی ھاووڵاتییانی سڤیلی کورد ئەنجام داوە و بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی دەیان ھەزار کەس و خاپوورکردنی ناوچە کوردستانییەکان.

لەبارەی بێدەنگبوونی پەرلەمان لەسەر تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کاولکاریی ئەو ناوچە کوردستانییانە، خۆشەوی خەلیل گوتی: "چەندین جار ئیمزا کۆ کراونەتەوە و ھەوڵی زۆر دراون، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی لیژنەیەکی تایبەتمەند و شارەزا بۆ لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و دواتر ئەنجامەکەی بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات و لێپرسینەوەش دەکرێت لە تۆمەتباران."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار