"وردبینی دیلۆیت لە نەوتی هەرێمدا هاوسەنگییەک لە نێوان شەفافییەت و چاکسازی دروست دەکات"
__2018_01_09_h15m59s20__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- كۆمپانیای دیلۆیت، ڕاپۆرتی وردبینیی داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات. شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن، ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت، هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ حكوومەتی هەرێم و، دەتوانێت هاوسەنگییەك لە نێوان شەفافییەت و چاكسازیدا دروست بكات.
دكتۆر نەوزاد سەید، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئەو ڕاپۆرتەی كۆمپانیای دیلۆیت، هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ حكوومەتی هەرێم، حكوومەت بەو هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگییەك لە نێوان شەفافییەت و چاكسازیدا دروست بكات، كە ئێستا دەستی پێ كردووە، بۆیە دەبێ حزب و لایەنەكان پشتگیری لە پڕۆژەكەی حكوومەت بكەن، بۆ ئەوەی لەسەر چاكسازی بەردەوام بێت و درێژە بە كاری خۆی بدات، تا بتوانێت دەست بۆ هەموو جومگەكان ببات و چارەی ئەو بارودۆخە بكات كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێم هەمیشە نیەتپاكیی خۆی دەردەخات بۆ ناوخۆ و دەرەوە كە ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ چارەكردنی بارودۆخی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی ئەو داتایانە دەداتە بەغدا كە لێرە بە دواوە هیچ بیانوویەك نەمێنێت و كێشە بۆ حكوومەتی هەرێم دروست نەكات.
هەر پێوەست بەم پرسە، دكتۆر ڕەزا محەمەد، شارەزا لە بواری نەوت و مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "ئەو گەندەڵییەی لە نێو كۆمپانیاكانی نەوت و گازی عێراق، یان سێكتەری نەوتی عێراقدا هەیە، لە هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە زۆر جیاوای هەیە و هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی كە لە ساڵی 2017 وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێكخراوی دەستپێشخەری شەفافییەت دەربكرێت، ئەمە بەڵگەیەكی گەورە بوو بۆ عێراق، بۆیە ناتوانین بەراوردی بكەین لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی دیلۆیتیش وەڵامی هەموو ئەو دەنگانە دەداتەوە كە ئێستا لە بەغدا هەن".
ڕابین شێروانی




