٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوتی كەركووك لادران

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- دەركردن و لادانی بەڕێوەبەرانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی و دەستەڵاتدارانی كەركووكەوە بەردەوامە و، پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوتی باكوور لادران و سێ بەڕێوەبەری دیكەیش لە تەندروستیی كەركووك لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە.

دكتۆر محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی لای ئێمە ھەن، رۆژانە گوشارێكی زۆر لەسەر ھاووڵاتیانی كەركووك ھەیە و لادانی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی كورد لە كەركووك بەردەوامە، لە نوێترین پیلانی گۆڕینی بەرپرسانی كوردیشدا، پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوت لادراون و ھەروەھا سێ بەڕێوەبەری دیكەی كوردیش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی كەركووك لەسەر كارەكانیان لادراون".

دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، بەغدا پیلانی گۆڕینی بەرپرس و بەڕێوەبەرە كوردەكانی كەركووكی جێبەجێ كرد و، تا ئێستاش ژمارەیەكی بەرچاو لە كورد لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە، چاودێرانیش پێیان وایە، گۆڕینی ھەندێ بەڕێوەبەری كورد مەترسییە لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە و دەستكاریی بەڵگەنامەكان دەكرێت لە بەرژەوەندیی عەرەبدا.

دكتۆر محەممەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "سیاسەتی داگیركردنی بارەگای لایەنە كوردییەكان لە كەركووك ھێشتا بەردەوامە و ھیچ بارەگایەك رادەستی لایەنە كوردییەكان نەكراوەتەوە، نەك تەنیا بارەگای پارتی، چەند بارەگایەكی یەكێتییش لە ژێردەستی دەستەڵاتدارانی ئێستای كەركووكدان، وەك بارەگای كۆمیتەكانی گەڕەكی واست و چەند بارەگایەكی دیكەی برادەرانی یەكێتی، رۆژی یەكشەممەی رابردوویش دەستەی عەشایەری عەرەبی دەستی بەسەر بارەگای لیژنەی ناوچەی یەكی پارتیماندا گرتووە".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار