٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژكاری سەرۆككۆمار: بەم زووانە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا كۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق ڕایگەیاند، دەرگای گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا كراوەتەوە و، بەم زووانە ھەردوو حكوومەت دەست بە گفتوگۆ دەكەن و لەم حەفتەیەیشدا شتی تازە لەو بارەیەوە دەبێت، چونكە جگە لە دانوستان، رێگای دیكە نییە بۆ چارەكردنی كێشەكان.

لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی ھەرێمی كوردستاندا داخستووە و، لە رێگەی پەرلەمانیشەوە كۆمەڵێك سزای بەسەر ھەرێمی كوردستاندا سەپاندووە، سەرەڕای ھەوڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆییش، تا ئێستا بە فەرمی دانوستان دەستی پێ نەكردووە و سزاكانی سەر ھەرێمیش بەردەوامن، بەڵام حەفتەی رابردوو شاندێكی حكوومەتی ھەرێم بۆ بردنی لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە سەردانی بەغدایان كرد.

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق فەرھاد عەلائەددین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەوڵەكان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدادا بۆ چارەكردنی كێشەكان بەردەوامن و، ئەم حەفتەیە ھەندێك شتی نوێ دەبیستن و دەرگایەك لە نێوان ھەردوولا كراوەتەوە و شاندێكی ھەرێم ھاتووە بۆ بەغدا و بڕیارە شاندێكی بەغدایش سەردانی ھەرێم بكات، چونكە حكوومەتی ھەرێم لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی بۆ بەغدا ناردووە بۆ وردبینیكردن و ئەوانیش دێنە ھەرێم و كارەكەیان تەواو دەكەن، بۆیە جیاوازیی زۆر ھەیە لەگەڵ پێشوو و ئەو بەستەڵەكەی ھەبووە توانراوە بتوێندرێتەوە و ئێستا وردە وردە دانوستانەكان دەست پێ دەكەن".

لەبارەی ئەوەی كەی ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بە فەرمی دەست بە دانوستان دەكەن، ئەو راوێژكارەی سەرۆككۆماری عێراق گوتی، "بەم زووانە ھەردوو لا بە فەرمی لەسەر ئاستی ھەردوو حكوومەت كۆ دەبنەوە و دەست بە دانوستان دەكەن بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان، چونكە جگە لە گفتوگۆ، ھیچ رێگای دیكە نییە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار