"پڕۆژەیاسای چاکسازیی حکوومەت خوێندنەوەی بۆ دەکرێ"

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد دەڵێ، فراکسیۆنی پارتی بە ھەموو شێوەیەکی پشتگیری لە پڕۆژەی چاکسازیی حکومەت دەکات و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، فەرحان جەوھەر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پڕۆژەیاسای چاکسازیی حکوومەت دەکەین، چونکە پڕۆژەیاسایەکی زۆر گرنگە و چاکسازییە لە بواری مووچە و خانەنشینی و پارەیەکی باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، کە زیاترە لە١٠٠ ملیار دینار لە مانگێکدا و جگە لەوەش، متمانە بۆ حکوومەت و ھاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە، ھەر لەبەر ئەوە، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی لێ دەکەین و ئەوان دژن، نەک ئێمە."
فەرحان جەوھەر گوتی: "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت و لە لایەن حکوومەتیشەوە جێبەجێ بکرێت، چونکە لە بەرژوەندیی گشتیدایە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت ئێمە ناڕەزایەتیمان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە نیشان داوە، ڕاست نییە."
جەوھەر ڕاشیگەیاند: "بڕیارە ئەم حەفتەیە، ڕۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکات."
بڵند ئیبراھیم




