٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"داعش و حەشد، مەزنترین پێشێلكاریی مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، هیوادارن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەروەك چۆن پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، لە بەرانبەر پێشێلكارییەكانی حكوومەتی ناوەندی و حەشدی شەعبییش بێدەنگ نەبن.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و، ژمارەیەك لە ئەندامانی دێسكی ئەورووپای مەكتەب، پێشوازییان لە خاتوو سیلڤیا ڤێلینگ، بەرپرسی ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە سەنتەری مافی مرۆڤ و بیرەوەریی زیندانیان لە كۆتبۆسی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد، كە بە نوێنەرایەتیی ڕێكخراوەكەیان و بۆ ئاشنابوون بە بارۆدۆخی مافەكانی مرۆڤ و گرفتی ئاوارەكان و قوربانیانی شەڕی داعش و حەشدی شەعبی، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.                                        

هۆشیار سیوەیلی، وێڕای بەخێرهێنانی خاتوو سیلڤیا ڤێڵینگ، سوپاسی ناوبراو و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئەڵمانیای فیدراڵی كرد بۆ گرینگیدانیان بە لێكۆڵینەوە لە بارۆدۆخی قوربانیانی شەڕی داعش و حەشدی شەعبی و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان لە نێو كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا و، گەیاندنی دەنگی لێقەوماوانی شەڕ بە دامەزراوەكانی وڵاتەكەی و بەهاناوەهاتنی ئاوارەكان كە بە هۆی شەڕی تایفەگەری لە سەردەمی پەلامارەكانی داعش و حەشدی شەعبی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، سیوەیلی سوپاسی پشتگیریی  بەردەوامی ئەڵمانیای كرد لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی و مرۆییەوە لە هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە و ڕایگەیاند كە، "هیواخوازن ئەڵمانیای فیدراڵ و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەروەك چۆن پشتیوان و پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كوردستان، لە بەرانبەر پێشێلكارییەكانی حكوومەتی ناوەندی و ڕێكخراوی چەكداریی حەشدی شەعبی بێدەنگ نەبن كە بە پەلاماردانی سەربازی و پێشێلكردنی دەستوور و هەوڵی تێكدانی ئاساییش و سەقامگیری و برسیكردنی خەڵكی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، دەستیان داوەتە بەعەرەبكردن و دەركردنی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە و، داعش و حەشدیش، مەزنترین پێشێلكاریی مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە.

لە درێژەی شیكردنەوەی دواپەرەسەندنە سیاسی و مرۆییەكان لە ناوچەكەدا، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە فراوانی باسی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرانبەر ئێزدییەكان و كریستیانەكان و پێكهاتەكانی دیكەی كرد كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لە خورماتوو گەییشتووەتە  لووتكە لە وێرانكردن و سووتاندن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و ئاوارەكردنی بە هەزاران كەس بۆ هەرێمی كوردستان كە درێژەپێدانی هەمان سیاسەت و  هزری تایفەگەری و توندڕۆیی داعشە لە ناوچەكەدا.                                                                           

خاتوو سیلڤیا، وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی كەڕامەت و ئایین و ئازادیی مرۆڤ لە پێكهاتە جیاجیاكان لە هەرێمی كوردستان كە سەرەڕای شەڕ و قەیرانی سیاسی و ئابووری و داڵدەدانی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە هەروا  ژینگەیەكی ئارام و شاییستەی بۆ دانیشتووانەكەی ڕەخساندووە لە گرنگیدان و پەیڕەوكردنی كولتووری پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا، كە وەك نموونەیەكی سەركەوتووی لە ناوچەكەدا وێنا كرد، لە كاتێكدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی شەڕ و توندوتیژی بووەتەوە، ئەوان بە چاوی رێزەوە لە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، هەر بۆیە ڕێكخراوەكەیان بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانیان بۆ خەڵكی هەرێم و ئاوارەكانی شەڕ  لە بواری مرۆیی و تەندروستی و گرینگیدان بە مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاوارەكان لە كوردستان بمێننەوە و هاوكاریی پێویستیان پێشكەش بكرێت بۆ باشتركردنی گوزەرانی ژیانیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی پێشوویان.                          

‌‌

هەواڵی پەیوەندیدار