٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان: ئەگەڕ وابڕوات، باشە كورد بایكۆتی عێراق بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كورد لەسەر حەقە بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی لە عێراقدا و، سیاسەتمەدارێكی كوردیش باوەڕی وایە، ئەگەر تا ھەڵبژاردنەكانی دابێ بەغدا لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا رێككەوتن نەكات، وا باشە كورد بایكۆتی ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بكات.

 

د. سەباح بەرزنجی، كەسایەتیی ئایینی و ئاكادیمیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەوەی من دەیبینم حكوومەتی عێراق كات دەكوتژێت و دەیەوێ سوود لە رەوش و قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم هۆشیار بن بە یەكڕیزی و یەكدەنگی و پێداچوونەوە بە ھەڵوێستی خۆیاندا، دەتوانین ھیوایەكی باشتر ببەخشینەوە بە ھاووڵاتیانی خۆمان بە تایبەت لەم قۆناغە ناسكەدا، خوای گەورە لە پشتمانە ئەگەر ئێمە یەك بین خوا سەرمان دەخات، چونكە ھەمیشە ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان لەسەر حەقین".

 

مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "پێویستە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتن بكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر عێراق لەم قۆناغەدا بەغدا نەیەتە ژێر باری داواكاری و مافی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان، ئەوا من پێم باشە كورد بەشداریی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق نەكات، چونكە بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسی باشترە لەوەی بە بێ دەستكەوت بچینەوە بەغدا".

 

وەك دكتۆر سەباح بەرزنجی گوتی، "پێویستە ھەرێمی كوردستان بە جوانی پێشنیازەكانی ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەرچاو بگرێت بۆ دەستپێكردنی دانوستان، كێشەی میللەتەكەمان دۆزێكی رەوایە، ھەرچەندە هەندێك جار تووشی كێشەیش بین، دواجار ھەر سەر دەكەوین و دەگەینە ئامانجی خۆمان".

 

مەحموود عوسمان كە ئەزموونێكی درێژی لەگەڵ بەغدا ھەیە و لە زۆر قۆناغدا ئەندامی شاندی دانوستانكاری ھەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ بەغدا، دەڵێ، "ئەگەر كورد بیەوێ بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو رێككەوتن لەگەڵ كوتلە عێراقییەكان بكات، ئەوا وەھا باشترە زیاتر لەگەڵ ئەو لایەنەدا رێك بكەوێت كە زیاتر مافی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكات، چونكە جیاوازیی نێوان كەسەكان نییە، كێ زیاتر ماف و بوودجە و مووچەی كوردستان دەنێرێ، ئەو باشە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار