٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێنچوێنی: عەبادی لە ژێر گوشاردایه‌.. سێوكانی: زۆربه‌ی لایەنەكان دەیانەوێت هاوپەیمانی پارتی بن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن، حكوومەتی عێراق گوشارێكی زۆر گەورەی نێودەوڵەتیی لەسەرە و تا دێش ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق نزیك دەبێتەوە، ئەمەیش وای كردووە لایەنە عێراقییەكان هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانی بدەن لەگەڵ كورددا.

چاودێری سیاسی‌ (محەممەدئەمین  پێنچوێنی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "حكوومەتی عێراق گوشارێكی زۆر گەورەی نێودەوڵەتیی لەسەرە، بە تایبەتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتی ئوردن كۆبونەوەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا كردووە و بە ڕاشكاوی پێیان گوتوون، ئەگەرلە بوودجەی 2018ـی عێراقدا 17% بۆ حكوومەتی هەرێم دابین نەكەن، ئەوا ئامادە نین قەرزتان بدەینێ."

‌(پێنچوێنی) گوتیشی، "ئێستا ناوماڵی شیعە پەرت بووە و ناكۆكیی زۆریان هەیە لە ناوخۆیاندا، هەروەها حكوومەتی (عەبادی)ـیش كێشەی لەگەڵ سوننەكانی عێراقدا هەیە، بۆیە زۆر پێویستە لە ئێستادا كورد تەواوی ناكۆكییەكانی وەلاوە بنێت و بە یەك دەست ڕوو بكاتە بەغدا تاوەكوو بتوانێت تەواوی داوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بێنێت، كە ئێستا دەبینین سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ژێر گوشاردا مل بۆ دانوستان و جێبەجێكردنی داواكانی كوردستان دەدات."

پێوەست بە هەمان پرس، (سۆران سێوكانی) چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە ئێستادا (حەیدەر عەبادی) بەرانبەر بە داوا دەستوورییەكانی كوردستان نەرمی دەنوێنێت، چونكە ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و قورسایی پێگەی سیاسیی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، وای لە (عەبادی) كردووە پاشەكشێ لە مەرج و شەرتەكانی بكات لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان."

ئەو چاودێرە سیاسییە ده‌شڵێ، "تا دێت ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق نزیك دەبێتەوە، ئەمەیش وای كردووە لایەنە عێراقییەكان هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانی بدەن لەگەڵ كورددا بۆ دروستكردنی حكوومەتی ئاییندەی عێراق، كە لەناو كوردیشدا تەواوی لایەنەكان دەیانەوێت هاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بن، چونكە هەموو لایەنەكان دەزانن پارتی لە هەڵبژاردنی ئاییندەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەنگێكی گەورەی دەبێت، بەوەی گەلی كورد بە قورساییەوە متمانەی خۆیان بەو حزبە دەدەن و، پارتییش پشتگیریی هەر هاوپەیمانەتییەك بكات، ئەو ئەوهاوپەیمانەتییە دەبێتە دەسەڵاتداری عێراق".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار