٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەنشینییەکەیان، پەرلەمانتارانی دابەش کردووە.. پڕۆژەکەی حکوومەت بە گرینگ دەزانن

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پڕۆژەیاساكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی، ھەنگاوێكی گرینگ و جیددییە بۆ پاكسازی. پەرلەمانتارێکیش گوتی، فراکسیۆنەکان لەبارەی خانەنشتینی پەرلەمانتارەوە یەکلا نەبوونەتەوە.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە چاكسازیكردن لە ھەموو بوارەكاندا و، بۆ مووچە و خانەنشینییش پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كردووە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بۆ پەسەندكردن، بۆ ئەوەی خانەنشینی نایاسایی نەھێڵێت و ھیچ كەس لە مووچەیەك زیاتری نەبێت و، دەرماڵەكانیش جارێكی دیكە رێك بخرێنەوە.

د. شێركۆ جەودەت کە هاوکات ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیشە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەو پڕۆژەیاسایەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی ناردووە بۆ پەسەندكردن، پڕۆژەیەكی زۆر باشە، لەبەر ئەوەی خانەنشینی نایاسایی و بندیوار و فرەمووچەیی ناھێڵێت و دەرماڵەكان بەپێی شاییستەیی رێك دەخرێن، بەم ھەنگاوەیش بەپێی گوتەی بریكاری وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مانگانە ١٠٠ملیار دینار بۆ دارایی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.
جەودەت گوتیشی، ئەو پڕۆژەیەی حكوومەت بۆ چاكسازی ئامادەی كردووە، ئەگەر جێبەجێ بكرێت، ھەنگاوێكی زۆر جیددییە بۆ چاكسازیكردن لە بواری مووچەدا، چونكە پاكسازی لە لیستی مووچەدا دەكات.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كە ھاوكات ئەندامی لیژنەی داراییشە لە پەرلەمانی كوردستان، ڕوونیشی كردەوە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات پڕۆژەكە بخاتە بەرنامەی كار و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات و دواتریش خوێندنەوەی دووەم و پەسەندی بكات، بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت.
دەشڵێت، "ئێمە پشتگیری لەو پڕۆژەیاسایە دەكەین سەرەڕای ئەوەی ھەندێك تێبینیمان ھەیە لەوەی كە ئەو پڕۆژەیاسایە كە پەسەند دەكرێت جێبەجێ بكرێت و دەرماڵەكان بەپێی یاسا ئەوەی شاییستەیە پێی بدرێت و خانەنشینی نایاسایی نەھێڵدرێن، بەڵام بە شێوەیەی گشتی بە ھەنگاوێكی جیددی دەزانین بۆ چاكسازی و پاكسازی."
کەمکردنەوەی  مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانیش وەک زانراوە، مشتومری پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێناوە، (شوان شێخ ئەحمەد) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە گوتی، کەمکردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران رای جیاوازی لەسەرە. فراکسیۆنەکان و ھەر یەکە و قەسەیێکی لەبارەوە دەکەن و تاوەکو ئێستا دیار نییە رای فراکسیۆنەکان لەسەری چییە.

سەرباری ئەوەی کە نایشارێتەوە هێشتا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان لەوبارەوە خۆی یەکلا نەکردووەتەوە، شوان شێخ ئەحمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها گوتی، "بڕیارە ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکەی حکوومەتمان بە دەست بگات؛ ھەرکاتێک پڕۆژەکەمان گەیشتە دەست ئەوکات تاوتووی دەکەین و رای خۆمانی لەبارەوە دیاری دەکەین."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار