٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە جموجووڵی بارزگانی و گەشتیاری دەستی پێ کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

جاجی ئۆمەران-KDP.info- سەرپەرشتیاری سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، هەر لەگەڵ كردنەوەی دەروازی حاجی ئۆمەران جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری دەستی پێ كردەوە و بە دەیان گەشتیار هاتوچۆیان كردووە و هەموو دامودەزگاكانی ئێمەش كەوتوونەتەوە كار و هیچ كێشەیەك نییە.

دوای زیاتر لە دوو مانگ و نیو داخستنی هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان، ئەمڕۆ ئەو دوو دەروازەیە  بەفەرمی كرانەوە و جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا دەستیان پێ كردەوە، جموجووڵێك هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی سیاسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، چونكە بە كردنەوەی ئەو سنوورانە بەشێك لەو سزایانەی بەغدا كە خستبوونییە سەر كوردستان لاچوون.

(مەسعوود باتێلی)، سەرپەرشتیاری سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''لەگەڵ كردنەوەی دەروازەكە جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری دەستی پێ كردەوە و هیچ كێشەیەك نییە و هەر لەگەڵ كردنەوەی دەروازەكە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە دیوی ئێرانەوە هاتنە هەرێمی كوردستان و لە دیوی ئێمەشەوە چوونە وڵاتی ئێران، هەموو دامودەزگاكان كەوتوونەتەوە كار و هیچ كێشەیەك نییە.''

بە گوتەی (فەرزنك ئەحمەد)، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا: ''كردنەوەی ئەو دوو سنوورە، بەتایبەتی سنووری حاجی ئۆمەران، گرنگیی خۆی هەیە، كە ئەو خەڵكە هەموو بێكار ماونەتەوە، بەتایبەتی لەو وەرزەدا كە هیچ كارێك نییە، بیكەن، تەنیا ئەو دەروازەیە هەیە، كە تێیدا كار بكەن، بۆیە چاویان لە كردنەوەی ئەو دەروازەیە بوو، ئێمە زیاتر لە 900 بازرگانمان هەن لەو دەروازەیەدا بێكار مابوونەوە و كاڵاكانیان ڕاگرتبوو، لە دیوی ئێرانیش زیاتر لە 6 هەزار هاووڵاتی بێكار مابوونەوە، كە ژیانیان لەسەر ئەو سنوورە بوو، بۆیە زیاتر زیان بە خەڵكی ئێران كەوتبوو, وەك ئەوەی بە خەڵكی ئێمە كەوتبێت.''

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار