"پێداچوونەوە بە لیستی پاسەوانی بەرپرساندا دەكرێت"
__2018_01_02_h14m45s31__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بە مەبەستی چاكسازیكردن، پێداچوونەوە و رێكخستنەوە بۆ لیستی پاسەوانی بەرپرسان دەكرێت و، ھەر پاسەوانێكیش دەوام نەكات، دوور دەخرێتەوە.
(نازم ھەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "بڕیار دراوە لە پەرلەمانەوە پێداچوونەوە بۆ لیستی پاسەوانی بەرپرسان بكرێت، بۆیە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكرێت كە ھەر بەرپرسێك چەند پاسەوانی ھەبێت، چونكە لە ئێستادا بێسەروبەرییەكی زۆری پێوە دیارە و ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و، پێویستە چاكسازیی تێدا بكرێت".
(ھەركی) گوتیشی، "بەو رێكخستنەوەیەی لیستی پاسەوانی بەرپرسان، دیاری دەكرێت كە ئاخۆ ھەر بەرپرسێك چەند پاسەوانی ھەبێت و، ھەر پاسەوانێكیش دەوام نەكات، لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە، چونكە ناكرێت بەرپرسێك پاسەوانی ھەبێت و دەوامی خۆی نەكات و بە پاسەوانیش ھەژمار بكرێت".
بڵند ئیبراھیم




