٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبارەی بوودجەوە كورد یەكدەنگە.. سوننە پەرتەوازەیە و شیعەیش داواكاریی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش باوەڕی وایە، كۆبوونەوەكە لەسەر بوودجە دەبێت و دەشڵێ، هەموو كوتلە كوردییەكان لەسەر داخوازی و تێبینییەكان لەمەڕ بوودجە یەكدەنگن.

سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی لە وەرزی دووەمی خولی كۆتایی تەمەنیدا دەست پێ دەكات، (عەرەفات كەرەم) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنەكە، هێما بۆ ئەوە دەكات، كە پێشبینییەكان بۆ كۆبووەنەوە لەسەر بوودجە دەبێت، هەرچەندە تا ئێستا بەرنامەی كاریان پێ نەگەییشتووە.

بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن سوننە و كوردەوە تێبینی و داخوازیی لەسەر هەیە، (عەرەفات كەرەم) لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "نەك ئێمە وەك كورد، سوننە و شیعەیش تێبینی و داخوازییان لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ هەیە". ئەو زیاتر روونی كردەوە كە، "كورد دەیەوێت پشكی هەرێم %١٧ دیاری بكرێت، بە پارێزگای هەڵەبجە و مووچەی پێشمەرگەیشەوە، هەرچی سوننەیە دەخوازن بوودجەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنەكانیان كە لە میانەی ٣ ساڵ بەردەوامیی شەڕی دژ بە داعش وێران بوون و هاوكات گەڕاندنەوەی ئاوارەكانیشیان دەوێت، لەولایشەوە شعەكان داوای دابینكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاكانیان دەكەن".

وەك (كەرەم) ئاماژەی بۆ دەكات، وەكوو كورد، ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ كران دەنگی پێ دەدەن، ئەگەرنا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بوودجە نادەن، چاوەڕێی بەیانییش دەكەن، تاوەكو بزانن چی دەكرێت، ئەوەیش سەرباری نەخوێندنەوەی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پڕۆژەكە، تا ئێستایش وەك فڕاكسیۆنە كوردییەكان یەكدەنگن.

ئەو هەروەها دەشڵێ، تاوەكوو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان كوتلەكانی ئەنجوومەن بە شیعە و سوننە و كوردەوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە نەكراوە، ئەوەیشی كراوە، تەنیا گفتوگۆ بووە، هۆكاری رێكنەكەوتنیشی بۆ بێسەروبەریی سوننەكان گێڕایەوە و گوتیشی، "ئەوان لە ناوخۆیشیاندا رێك ناكەون، هەر یەكەیان داوای شتێك دەكات و بەرژەوەندییەكی خۆی هەیە".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی، مەترسیی خۆیشیانی لە رێككەوتنی ژێربەژێری سوننە و شیعە نەشاردەوە، كە دەترسن لەوەی شیعە سوننەكان رازی بكەن و سەفقەیەك بۆ تێپەڕاندنی بوودجە بكەن، بەڵام ئەوەی دڵخۆشیان دەكات، بوونی ئەو گوشارە زۆرەی دەرەكییە لەسەر (عەبادی) و حكوومەتەكەی لەسەر پێدانی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان، (عەرەفات) دەشڵێ: "دڵمان بە گوشارە نێودەوڵەتییەكان خۆشە لەسەر ناوەند، هاوكات مەرجەعی دینییش ئەوەی دووپات كردووەتەوە، كە دەبێت مافە دەستوورییەكانی هەرێم پێشێل نەكرێن".

 

خێڵان بەختیار

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار