ئەنجوومەنی قەزای شنگال بە مەرج دەگەڕێتەوە

شنگال-KDP.info- حکوومەتی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی قەزای شنگال کردووە بگەڕێتەوە شارۆچکەکە و ئەنجوومەنەکەش مەرجی هەیە.
(وەیس نایف) سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال گوتی، حکوومەتی عێراق داوای لێ کردوون بگەڕێنەوە شنگال و درێژە بە کار و چالاکییەکانیان بدەن، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، بە بەغدایان گوتووە بە مەرج دەگەڕێنەوە.
دەربارەی ئەو مەرجانەی ئەنجوومەنی قەزای شنگال هەیەتی، (وەیس نایف) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "دەبێت حەشدی شەعبی و پەکەکە ناوچەکە چۆڵ بکەن ئەو کات دەگەڕێینەوە؛ چونکە هەردوو هێزەکە، حەشدی شەعبی و پەکەکە هێزی ناشەرعین و بە ویستی خۆیان پۆست و پلە ئیدارییەکانیان دابەش کردوون."
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال نایشارێتەوە کە لە وا دۆخێکدا، ئەنجوومەنەکە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئیدارەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە سەقامگیری دابین دەکات و ئەگەر ئەم کارە بکرێ دەگەڕێنەوە و گوتیشی، ئاخر ئەوانەی لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەری پارەوە دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە، بە هەموو پێورەێک ناشەرعی و خۆسەپێنن."
هەوڵی بەغدا بۆ گەڕانەوەی ئەنجوومەنەکە وەک (نایف) دەڵێ، "بەغدا دەیەوێت بە گەڕانەوەمان شەرعیەتی ئیدارەدانی قەزاکە بەدەست بێنێ، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەت کردووەتەوە و تاکو تەواوی یەکە ئیدارەییەکانی شنگال نەگەڕێنەوە، ئێمەش ناگەڕێینەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئیستا ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارە بوونە و لە ناوچە جیاکانی هەرێم کوردستاندا دەژین.
بەرپرسە ئێدارییەکانی شنگال زۆر جار لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕایانگەیاندووە، کە حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال، پۆستە ئیداری و سەربازییەکان لەنێو خۆیاندا دابەش کردوون و چەندین پێشلکارییان ئەنجام داون.
لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە کە بە پیلانی عێراق و وڵاتانی هەرێمی و بە هاوکاریی باڵێکی لایەنێکی سیاسیی کوردستانی، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی خورماتوو و کەرکووک، خانەقین و مەخموور و شنگالیش کەوتنە بەر هێرشی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان و بەزۆر خۆیان بەسەر ناوچەکاندا سەپاندووە.
کـــاروا بـــاعەدری




