نەجیبە نەجیب: ئەگەر بەغدا نیەتی پاك بێت، دەبێ حەفتەی دابێ مووچە بگاتە ھەرێم

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باوەڕی وایە، ئەگەر بەغدا نیەتی پاك بێت بۆ ناردنی مووچەی چەند وەزارەتێكی ھەرێمی كوردستان، ئەوا دەبێ لە حەفتەی یەكەمی سەرەتای ئەمساڵدا مووچەكە بنێرێت.
(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە زانیاریمان ھەیە لەو ھەنگاوانەی نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ وردبینیكردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەكرێت، ئەمەیش ھاوكارییەكی باشە بۆ ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە، چونكە بێگومان ناردنی سەد ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، مافی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەگەر (عەبادی) نیەتی ھەیە مووچەی ئەو دوو وەزارەتە بنێرێت، ئەوا پێویستە لە حەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا مووچەكە بگاتە ھەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی وردبینی كۆتایی دێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و وەبەرھێنان دەشڵێ، "ئەگەر لە حەفتەی دابێ بەغدا مووچە نەنێرێت، ئەوا دەردەكەوێ تەنیا دەیانەوێ كات بكوژن و بیانوو بێننەوە بۆ پابەندنەبوون بە ناردنی شاییستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، چونكە لە پرسی پارەی جووتیارانیشدا وردبینی لە پارەی ساڵانی ٢٠١٦ كراوە، كەچی ھێشتا (عەبادی) ئامادە نییە پارەكە بنێرێت".
قائید میرۆ




